زال سه‌قز

قەڵەمم بە دەستەوەیە و ئەمەوێت باسی شۆڕشگێڕێک بکەم کە نەمبینیوە، بەڵام زۆر شتم لە سەری بیستوە. شۆڕشگێڕێک کە ئێستا لە ناو کاروانی شەهیدان وەک ئەستێرەیەک دەدروشێتەوە و چاو لە گەردوون دەکات، هەمیشە دەیەویست بە هەموو هێز و ئەو پەڕی جۆش و خرۆشەوە خزمەتی گەل بکات، ئێش و ئازارەکانیان بچێژێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بە فکر و فەلسەی ڕێبەرەکەی و بزەی جوانی سەر لێوەکانی خەم خۆری گەلەکەی بێت.

ووشە، ووشەی نووسینەکانی زۆر واتادارن و باسی ژیانی ڕێبەر ئاپۆی دەکات، هەستی نووسینی لە دڵەوە دەهات، دڵێکی بریندار کە ژانی چێشتوە، بەڵام هەر چرکە و ساتێک وەک گوڵێک لە سەر لوتکەی بەرزی کێوەکانی نیشتمان نوێ دەبوو. دڵی شۆڕشگێڕەکەمان وەک ئاگر دەدروشێتەوە، گەش دەبوو بۆ چارەنووسی داهاتووی گەل، بۆ گڕدانی دڵی پیسی دوژمن .دەیەویست وەک پشکۆ، دڵی بەستەڵەکگرتووەکانی مرۆڤە ساردەکان بتوێنێتەوە و لە ناویان ببات، یان وەک ژیلەمۆ لە فرتۆنە ڕچاوەکەی زستاندا گەرمایی بداتە گەلەکەی، یان هاوینان وەک ئاوێکی سارد لە هەوایەکی گەرمدا دڵی هەر کەس فێنک بکاتەوە.

نازانم چون باسی دڵە بەجۆشەکەی هەڤاڵ باهۆزبێهنام (حبیبوڵا گوڵپەریپوور) بکەم، ئاخر دڵی شۆڕشگێڕی ئاپۆیی زۆر گەورەیە و هەرکات ئێشێکی نوێ دێتە سەر دڵی. بەڵام بەو هەموو ئەشکەنجە و ئازارەی کە لە کونجی ڕەشی زینداندا چێشتبووی لە کوردستان دانابڕێت و لە خەیاڵیدا دەیەوێت وەک کۆترێکی هێلانە شێواو بە سەر هەموو وڵات بگەڕێت و سەیری بەهەشتی خودا بکات، چاو بگێڕێت: جوانیەکان، خۆشیەکان، تاڵیەکان و ڕەنگە جیاوازەکان هەموو پێکەوە ببینێت چونکو لە بیری هەڤاڵ باهۆز بێهنام دا بست بە بستی کوردستان بەخوێنی شەهیدان سوور بووە و دەبێ بە بیر و ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ تۆڵەی دڵۆپ دڵۆپ خوێنی شەهیدان بستێنینەوە.

کۆترە سپیەکەمان تێدەکۆشێ تا بفڕێ و بدات لە شەقەی باڵ و بەرەو ئاسمانی شین بروات، چونکو ڕۆحی ئازادی بەم شێوەیە هەستی پێ دەکرد: ئارمانجی مرۆڤە مەزنەکان گرنگە. لەم پێناوەدا دار و تەنافەکانیش بێ واتان، باڵەکانت زۆرتر بکەرەوە و بەهێزەوە لە ئاسماندا باڵ لێبدە تا بە ئاواتەکانت بگەی. چاوەکانت بکەرەوە و لە ئاسۆی دوور بڕوانە، که گەیشتن بە ڕاستی ڕێگایەکی پڕ لە هەوراز و نشێوت لە پێشە و دەبێ وەک پەپوولەیەک بیت کە لە ئاگردا بۆ گەیشتن بە حەقیقەت و ئازادی دەسووتێت.

چاوی کۆترەکەمان دەدرەوشێتەوە و دڵۆپ دڵۆپ فرمێسکی شادی لێ دەوەرێت، پوولێک پەپوولە بە دەوریەوە دەسووڕێت و لە ژوور سەری کۆترە ئاشقەکەمان دادەنیشێت و مزگێنی بۆ دێنێت و دەڵێت: هەڤاڵ هەناسەت نوێ بکەرەوە و فرمێسکەکانت بسڕە، بە ئازاد بوونی ڕێبەر ئاپۆ کوردستان ئازاد دەبێت .