بڵاوبوونەنوەی لێدوانێک لەسەر هەڵوێستی کۆدار سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی داهاتوی سەرۆک کۆماری و شۆڕای شار و گوندەکانی ئێران، دەنگدانەوەیەکی سیاسی زۆری لە میدیاکانی کوردی و فارسی بە لێکەوتۆتەوە.

لەم بارەیەوە ڕێوار ئاودانان، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی گشتی کۆما جڤاکێن کوردستان(کەجەکە) بە نووسینی بابەتێک دەڵێت: کۆماری ئیسلامی دەبێت لەم دەرفەتە کەڵک وەر بگرێت و هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ بکاتە دەستپێکی سەردەمی دیموکراسی بۆ ئێران.

دەقی بابەتەکەی ڕێوار ئاودانان بەم شێوەیە:

داهاتوی سیاسی ئێران بە توندی لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئەمساڵ گرێی خواردووە. ڕەنگە گرینگترین هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری دوای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لە ئێران، ئەم هەڵبژاردنە بێت. لەبەر ئەوەی کە ئەم هەڵبژاردنە زیاتر لەوەی کە بێتە واتای "هەڵبژاردنی کەسێک"، دێتە واتای هەڵبژاردنی ڕێگایەک. ئەو ڕێگایە یان کۆماری ئیسلامی بە خێرایی بەرەو بەربەرەکانی لەگەڵ زلهێزە جیهانیەکان دەبات یان بەرەو گۆڕانکارییەکی دیموکراتیک و مێژوویی. بۆ کۆماری ئیسلامی کە لە ژێر گوشاری قورسی هێزەکانی ناوچەکە و جیهان دایە، ئەم هەڵبژاردنە و دەرەنجامەکانی زۆر چارەنووس سازە.

کۆدار سیاسەتی یەکەمی خۆی سەبارەت بەم هەڵبژاردنە بە لێدوانێک بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاند. کۆدار بە جێگەی بەشداری کردن یان بایکۆتی بێ ئەما و ئەگەر، تۆپەکەی بە ساحەی کۆماری ئیسلامی هاویشت هەتا دەرفەتێک بە گۆڕانکاری دیموکڕاتیک لە ئیران ببەخشێت.

دەتوانین بە چەند خاڵ ئەم کردەوەی سیاسی کۆدار  هەڵسەنگێنین:

1)         کۆدار نیشانی دا کە لەگەڵ ئەو ڕەوتانەی کە تەنیا "قسە" دەکەن جیاوازی هەیە و ڕوانگەیەکی جیددی و درێژخایەنی هەیە کە دەتوانێ لەگەڵ خۆی چارەسەری بێنێ.

2)         کۆدار بە خستنە بەر باسی داواکاریەکانی دیموکراتیکی گەلی کورد و هەموو خەڵکانی ئێران، ئەو بێ هیوایی و شانۆگەریی بشکێنن کە بناژۆخوازان و ڕیفۆرم خوازانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە ناو خەڵکی ئێراندا بڵاویان کردۆتەوە.

3)         کۆدار بانگەشەی ئەوە دەکات کە نەخشەڕێگایەکی دیموکراتیکی هەیە بۆ چارەسەر کردنی پرسی نەتەوەکانی ئێران و دەیەوێت ئەم نەخشەڕێگایە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری بخاتەڕوو کە ئەمە نیشانی دا کۆدار لە نێو جەرگەی گۆڕانکارییە سیاسیەکانی ئێران جێی هەیە و لە دەرەوەی مەیدان قسە ناکات.

4)         هەر ڕەوتێکی سیاسی کە پارادیگمایەکی نوێ و دیموکراتیکی نەبێت، تەنانەت ئەگەر خۆیان زۆر ئازادیخواز و پێشوەڕۆ نیشان بدەن بەڵام لە ئەساس دا دەرفەتەکانی کۆمەڵگای ئێران لە ناو دەبەن. کۆدار بە بنەما گرتنی نەتەوەی دیموکراتیک کە تێڕوانینێکی نادەوڵەتی، دژی نەتەوە پەرەستیە و ڕەنگاوڕەنگیەکانی ناو کۆمەڵگا "پلورالیزم" بە بنەما دەگرێت، هێزێکی  دەرفەت ئافرێنەرە بۆ تەواوی گەلانی ئێران.

5)         کۆدار ئەم دەرفەتە دەدات بە کۆمەڵگای ئێران تا پرسەکان بە شێوەیەکی "ئاشتی خوازانە و دوور لە شەڕ" چارەسەر بکەن. هەروەها ئەو دەرفەتەکە دەخولقێنێت کە شوناسە جیاوازەکانی ئیران لە نێوان بژاردەکانی "تەحەمولکردنی پاسیڤی زۆرداری" و "خۆڕاگری بۆ گۆڕانکاری دیموکڕاتیک"، بژاردەی "خۆڕاگری بۆ گۆڕانکاری دیموکڕاتیک" بەهەند وەرگرێت. کۆدار بەم بیانیەی خۆی نیشانیدا کە ژیانی ئازاد و دیموکراتیکی گەلانی ئێرانی کردۆتە ناوەندی سیاسەتی ستراتژیکی خۆی.

6)        کۆماری ئیسلامی ناتوانێت بە "سیاسەتی بزە بۆ دەرەوە" کە لووتکەی ئەو لە پرسی چەکی ناوەکی و "بەرجام" بوو دەتوانێت کێشەکانی لەتەک هێزەجیهانیەن چارەسەر بکات، و نەش بە نیشاندانی "مستی ئاسنین بۆ ناوخۆ" دەتوانێت ویست و داخوازیەکانی گەلانی ئیران ناچار بە پاشەکشە و گۆڕخەوی بکات. بەیانیەکەی کۆدار نیشاندانی ئەم ڕاستیە بوو.

7)        هەڵوێستی کۆدار چەندە سیاسی بێت، ئەوەندەش ئەخلاقی و ئینسانیە. کۆدار بە هەڵبژاردنی هێڵێکی سیاسی کە بە "هێڵی سێهەم" ناوی لێ دەبرێت نیشانی دا کە نە ڕێگە نادات کۆمەڵگای ئێران ببێتە ئامرازی دەستی زلهێزەکان و نەش لەتەک کۆنەپەرەستی و پاشڤەڕویی کۆماری ئیسلامی سازش دەکات. لەو قەیرانە گرێپوچکەدراوەی ڕۆژهەڵای ناوین کە زۆربەی هێزەکان بە دوای بەرژەوەندی دەسەڵاتخوازانەی خۆیان دەگەڕێن، کۆدار سیستەمێکی دیموکراتیکی نوێیە کە ئەخلاق جێگایەکی گرینگی لە پلان و سیاسەتەکانیدا هەیە.

8)         کۆدار مۆدێلی "خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە چوارچێوەی ئێران" وەک داخوازی گەلی کورد خستۆتە بەر باس. کورد هێزی پێشەنگی گۆڕانکاری ڕۆژهەڵاتی ناوینە و هەوڵدان بۆ جێگیر کردنی ئەم مۆدێلە لە پانتایی سیاسی ئێران دا، هەڵسووکەوتێکی بێباکانە و ژێرانەیە. لەبەروەیکە ئەم مۆدێلە لەگەڵ ڕاستیەکانی کۆمەڵایەتی و مێژوویی ئێران زۆر گونجاوە.

 

باشتر وایە کە کۆماری ئیسلامی ئەم دەرفەتەی کۆدار سازی کردوە بە باشی بەکار بهێنێت و هەڵبژاردنەی سەرۆک کۆماری ساڵی ٢٠١٧ بکاتە "چوونی ئیران بەرەو سەردەمی دیموکراسی". لە بەر ئەوەی تەواوی خاڵەکان ئاماژە بە ئەوەی دەکەن کە درێژەدان بە پاشڤەڕوویی و زۆرداری دەبێتە هۆی خێراتر کردنی دەستێوەردانی دەرەکی. لە کۆتایی دا دەبێت چاوەڕوان بین بزانین کۆدار نەخشەڕێگایەکی چۆن بۆ هەڵبژاردنەکانی ئێران ئامادە دەکات.