روبار کۆچه‌ٰر

 چیرۆکی کوردستان لە چیرۆکی ئەو دایکە دەچێت کە نەوەکانی لێی هەڵدەگەڕێنەوەو سزای دەدەن و سوکایەتی پێدەکەن، ئەمە دیرۆکی تیاماتی دایکە خوداوەندیشە کە ماردۆکی کوڕی لێی هەڵدەگەڕیتەوەو دەیکوژێت. زانستی ئارکۆلۆژیست ئەوەی سەلماندووە کە کوردستان ناوەندێکی هەرە دێرینی دەستپێکی ژیانی مرۆڤایەتی بووە، واتا لانکە، خوێندنگەو دایکی ئاواکردنی نرخە ژیانیەکان و شارستانیەتەکانیشە، بۆیە زۆر بە ئازارە کاتێ ڕاستینەی چوار مێخەکێشانی کوردستان لەلایەن نەوەکانیەوە (شارستانیەتە نوێیەکان) ئاشکرا دەبێت و کەچی ئێستا هاتوون دەیانەوێ خێر بەم دایکە بکەن. ئێستا دەوڵەتە جیهانیەکان کە لە منداڵدانی مێزۆپۆتامیاوە هاتوونەتە دونیا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لەم ناوچەیە ژیان پێویستی خۆی بە ڕیفۆرم دەبینێت. واتا ئەوانەی کە گۆشکراو و نەوەی دایکی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە ناوەندێتی کوردستانن، تێگەیشتنێکی وا پێش دەخەن کە ڕۆژهەڵاتی ناوین واتا (دایکی شارستانیەتەکان) سەرکەشی دەکات، یاخی بووەو لەڕێ لایداوە بۆیە دەیانەوێ دایکیان تەربیەت بکەن. مرۆڤ کاتێ بیر دەکاتەوە لەوە تێدەگات کە سیستمی جیهانی چەندە بێ ڕەحمانە ئەم بابەتەی لە دڵ و دەرونی تاکەکانی ئەم سەرزەمینەشدا چاندووەو تازە بە تازەش لە هەولێری پایتەختی باشوری کوردستان نەشونما دەکات. هەر ئەمەیە کە وا زۆر بە ئاسانی دەبینین منداڵێک بەردەبێتە گیانی مامۆستاکەی و دەیەوێ تەربیەتی بکات.

 

   زۆر بەئێشە کەسێک لەدوای تەواوکردنی خوێندن و بوون بە مامۆستاو چەندین ساڵ وانە وتنەوەو پەروەردەو فێرکردنی منداڵانی وڵات لەناو حەشاماتێک و بەبەرچاوی دونیاوەو لەلایەن فێرخوازەکانی خۆیەوە بدرێتە بەر شەق. ئەمە هەمان ئەو پاداشتەیە کە سیستمی جیهانی بە هێرش و پەلامار و دزینی نرخەکان بە ڕۆژهەڵاتی ناوینی دەداتەوە. خۆ فریودانە ئەگەر پێمان وابێت پارتە سیاسیە دەسەڵاتدارەکان و بەتایبەت (پ د ک) یەک لە پەنجە پێیەکانی سیستمی کاپیتالیسمی دژە نرخ و ڕەنج نیە! بەچاوخشاندنێکی خێرا بە مێژووی ئەم حیزبەدا ڕاستینەی وابەستە بوون و هەنگاو هەڵگرتن لە ڕاستای بەرژەوەندیەکانی سەرمایەداری، لە سەرەوە تا خوارەوەی ئەم حیزبەو بەتایبەت بنەماڵەی بارزانی خۆی نیشان دەدات. دەتوانین بڵیین (پ د ک) و بنەماڵەی بارزانی منداڵە ناشەرعیەکەی سیستمی کاپیتالیسم لە کوردستانن. حیزبێک کە هەمیشە خۆی لەبەردەم نەیاراندا چەماندۆتەوەو لەسەر گەلەکەی خۆی ڕاداوە، بنەماڵەو کەسایەتیەکانی ئەم حیزبە بەردەوام لەلایەن دەسەڵاتدارە هەرێمی و جیهانیەکانەوە وەک خزمەتکارێکی بچکۆلە بەکار هێنراون، جۆرێک پەروەردە کراون کە نە دەتوانن بە ئازادی بژین، نە باوەڕی ئەوەشیان بۆ دروست دەبێت کە ژیانێکی ئازاد بوونی هەیە. ئەم حیزبە هەبوونی خۆی لە هەبوونی دەسەڵاتێکی گەورەتری دەوڵەتە سەردەستەکان لەسەر خۆی دەبینێت، واتا کاتێ گارانتی هەبوونی خۆی دەکات کە یەک لە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان لەسەر پێیەکانی جۆلانەی پێ بکات. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەحزابی باشوری کوردستان و بەگشتیش فۆرمی کلاسیک، ئەو چەکوشەی دەستی سیستمەکانی دەرەوەن لەسەر گەلەکانی خۆیان و ئەمەش مانەوەیان لەکورسی دەسەڵاتدا مسۆگەر دەکات. بۆیە کاتێ سەرنج دەدەین دەبینین ئەوەی کە سیستمی جیهانی بەڕێگای هێرش و پەلامارە ڕاستەوخۆکانی نەیتوانیوە بەدەستی بهێنێت، ئێستا لەڕێگای کەسایەتیە وابەستەو خیانەتکارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینەوە خەریکە پیادەی دەکات؛ کە بریتیە لە شێوە دان بە کۆمەڵگا بە گوێرەی خواست و تایبەتمەندیەکانی ئەوان، کە بێگومان یەکەمین هەنگاوی ئەم بابەتەش بە شکاندنی شکۆو پیرۆزیەکانی مرۆڤ دەست پێدەکات کە ئێستا (پ د ک) ئەو خەنجەری خیانەتەی ڕاکێشاوە.

 

 

 

   گومان لەوەدا نیە هیچ مامۆستایەک هەبێت کە شاگردەکانی بە شێوەیەکی نائەخلاقی پەروەردە بکات، بەڵام هیچ شتێکیش ناتوانێ ئەو بڕوایە بگۆڕێت کە ئەوەی لە باشوری کوردستان دەگوزەرێت بەشێکی پەیوەندی بە سیستمی پەروەردەو تەنانەت وانەو مەنهەجی خوێندنیشەوە هەیە. هاوردەکردنی سیستمی سویدی و کردنەوەی بێ بەندو باری زانکۆی ئەمریکی، بەریتانی، فەڕەنسی و تورکی و چەندین خوێندنگەی تایبەتی تری وڵاتان، بریتیە لە فەتحی زیهنی تاکەکانی کۆمەڵگاو بونیادنانی کەسایەتیەکی بێ ئینتیما بەرامبەر پیرۆزی و نرخ و بەهاکانی وڵات. خوێندکارێک کە مامۆستای بیانی و بەزمانی بیانی وانەی پێ بڵێتەوە، ئیدی بێ باکە بەرامبەر بە کەسێکی مێشک شۆراوی کۆیلەی حیزب و دەسەڵات سوکایەتی بە مامۆستایەکی کورد زمانی ماندوو نەناس بکات. دوور نیە ئەوەی کە دەستدرێژی دەکاتە سەر مامۆستاکە دەرچووی یەکێک لەو خوێندنگە نمونەیی و زانکۆ بیانیانە بێت. بۆیە سەرەڕای داواکاری مووچەو گوزەران، پێویستە مامۆستایان، چالاکوان و ڕۆشنبیران بە پڕۆژەی بەهێزەوە کار بۆ گۆڕینی سیستمی خوێندن، وانەو ناوەرۆکەکەی بکەن و هاوکات هەوڵی جدی بۆ داخستنی ئەو ناوەندە بیانیانە بدرێت کە بەناوی پەروەردەو فێرکردنەوە تۆڕی دیل گرتن و بێ ئیرادەکردنی تاکەکانی کۆمەڵگا دەچنن. جگە لە هەژمارێکی زۆر کەم نەبێت کەس نیە نکولی لەوە بکات کە ناونیشانی (پەروەردەو فێرکردن) هیچ کات ئامانجی خۆی نەپێکاوەو دەرکەوت کە بەو سیستمە هیچ کەسێک پەروەردەیەکی ڕاست نەکراوە. بەڵگەش بۆ ئەم قسەیە ئەوەیە کە ٢٧ ساڵە کۆمەڵگای باشور لەناو بازنەیەکی داخراودا دەخولێتەوەو هەموو پێشکەوتنەکان بریتی بوون لە شکلیات و دیاردەیی بوون. کۆمەڵگای باشور ئەگەر لەلایەنێکەوە هەنگاوی بۆ پێشەوە هەڵهێنابێتەوە ئەوا لە لایەنەکانی ترەوە بەتایبەت پێشکەوتنی بواری پەروەردە، فیکرو هۆشمەندیەوە سەد هەنگاو پاشکشەی پێکراوە.

 

 

   کۆمەڵگایەک کە بەو سیستمە سەقەتەی پەروەردەدا تێپەڕ بووبێت و هەزاران تاکی بە واستە، تەکلیف و پشتگیری حیزبی و تەنها لەپێناو دامەزراندن و بەهەدەردانی بودجەدا بڕوانامەی وەرگرتبێت هەر فێری شەق وەشاندن دەبێت. ئەمە کێشە لە کەسایەتی مامۆستادا نیە بەڵکو مامۆستا ئەگەر ڕۆحیشی بگوشێتە ناو وانەکانەوە بەو سیستم و عەقڵیەتە سواوەی حکومڕانی حیزب و دەسەڵاتدارانی باشور هەر ئەو تاکە بەرهەم دێت کە گوێیەکانی بە ئەڵقەی کۆیلایەتی بڕازێنێتەوە. دواترو لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە کە شەق وەشێنە کارامەو لێهاتووەکان هەموویان دەرچووی ئەو مەکتەبە حیزبیانەن کە مرۆڤ مۆتۆریزە (Motorize) دەکەن. شوێنێک تاکەکانی وا پەروەردە بکات کە هەر بە دەنگی بوقی ئۆتۆمبێلی دوژمن هەڵبێت و لەم لاشەوە بەری بداتە گیانی ئەو کەسانەی ئایندەی وڵاتێک لە ژێر دەستیاندایە، جگە لە ناوەندێکی مۆتۆریزەکردنی ئەندام و دەزگای کۆیلەسازی (Subjugation)-ی لایەنگرانی شتێکی تر نیەو بێ ویژدانیە پێی بوترێت حیزب. هەرچەندە زۆرینەی لایەنە سیاسیەکانی باشوری کوردستان و لەسەرو هەموویانەوە (پ د ک و وابستەکانی) وا نیشان دەدەن کە مەکتەب و مەدرەسەی تایبەتی خۆیان بۆ پەروەردەکردنی ئەندامانیان هەیە، بەڵام کاتێ ئەخلاقی ئەندامانیان دەبینیت ئیدی گومانت لەوە نامینێ کە لەو مەکتەبانەدا چی دەخوێنن و چیان فێرکردوون. وەختێ کادر، پۆلیسێکی ئاسایش و بەرپرسێک دەبینی کە چۆن بەردەبێتە گیانی ئەو کەسانەی داوای قوتی دزراویان دەکەن، ڕاستینەی مۆتۆریزەکردن و ئەخلاقی حیزب و سەرۆکەکانیان زۆرتر دەردەکەوێتە پێش. زۆرینەی ئەو کەسانە ئیدی سیستماتیک کراون و تەنها ئەوەندە پێویستە پەنجە بە دوگمەی (ON-OFF)-دا بنێیت ئیتر طبقی بەرنامە حەرەکەت دەکات و لێی لانادات. خۆ ئەگەر لێکۆڵینەوە لەسەر کەسایەتی ئەو مرۆڤانە بکرێت دەبینیت کە کەسایەتی گرگن و تەسلیمکار و ماستاوچین و تەنانەت لە بواری ماڵداری و خێزانیشەوە هەڵوەشاو و بێ پێوان و و پرەنسیپن. ئەو مرۆڤانەی پەلاماری کەسایەتیە مەزنەکانی وەکو مامۆستاو کارمەندو فەرمانبەرە زەحمەتکێشەکان دەدەن لە ژیانیاندا پیرۆزیەک نیە بۆی بژین و هەرشت لە لەحزەدا دەبینن، کە ئەم تایبەتمەندیەش هی پیاوسالاری و دەسەڵات و سیستمی کاپیتالیسمەو مرۆڤ بە (سات)-ەوە گرێ دەدات.

 

 

   لە کۆتاییدا پێویستە ئەوە بوترێت کە ئەگەرچی بێنرخترین شت لەلای دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان بریتیە لە خاک، گەل و کۆمەڵگا، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی کە ئەو شتانە بێ نرخن، پیرۆزی و بەهای ئەم شتانە دەسەڵات نەیداوە کە بتوانێ لێی بسەنێتەوە، ئەوانە بابەتگەلێکن کە لە زیهنی مرۆڤی ژیرو ئازادیخوازدا بەجێ بوون و هیچ کەس ناتوانێ لێیان کەم بکاتەوە. ئەو مامۆستاو بەڕێزانەی تریش کە هێرشیان دەکرێتە سەر نە لە شکۆو کەرامەتیان کەم دەبێتەوە نە کەسایەتیشیان دەشکێت، بەڵکو زۆرتر و جیاوازتر دەبنە سیمبولی بەرخۆدێری، حەق بێژی و داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ و نرخی مرۆڤایەتی. ئەوەی گرنگە لە ئێستادا بریتیە لە یەک ڕیزی زیاتری کۆمەڵگاو چین و توێژەکان بە هەموو جیاوازی ڕەنگ و ئایدیاو بۆچوونێکەوە. هەروەها سنوردارکردنی داواکاریەکان تەنها لە باش کردنی موچەدا، گورزێکی کوشندە دەبێت لە هەیکەلی گۆڕانکاری ڕیشەیی و بەر بە ئازادی چوون. هەرچەندە زۆری و زەحمەتی زۆر کێشراوە لەماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا، بەڵام سوور بوون و پێداگری لەسەر داواکاریەکان بەئەنجام دەبێت. هەموو دەسەڵاتدارەکانی دونیا ئەگەر لە لوتکەی هێزیشدا بن تەنها شتێک کە لێی بترسن و دەسەڵاتەکەیان بلەرزێنێت، باهۆزی گەل، شەپۆل و گەردەلولی کۆمەڵگایە. خاڵیکی تر کە گرنگە ئەوەیە ئەو خۆپێشاندەرانە کە ئومێد دەکرێت ببێتە خۆپێشاندانی سەرتاسەری هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، هەر لە ئێستاوە بەشێوەیەکی دیموکراتیک و ڕاستەوخۆ ئەنجومەنی مەدەنی، بازنەی هەرێمی و کۆمین، بە هاوسەرۆکایەتی واتا (ژن و پیاو) دابمەزرێنن و خۆیان بەڕێکخستن بکەن. بێگومان ئەمە هەنگاوێکی باش و لەجێدا دەبێت هەم بۆ بەڕێکخستن کردنی کۆمەڵگا لەدەرەوەی حیزب و دەسەڵات، هەمیش بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی لە سیستمی حکوم و بەڕێوەبردندا. ئیدی دەبێ پێش بەو مرۆڤە کۆیلەو چەپەڵانە بگیرێت کە لەبەر دەرگای بەرپرسە چەتەکاندا پاسەوانی دەکەن و لەهەموو بەهایەک داماڵراون کەچی دەیانەوێ مامۆستا تەربیەت بکەن. وەکو ڕێزدار ساڵح موسلیم لە وەڵامی سنور داخستنی نێوان باشور و ڕۆژئاوادا وتی: "دەیانەوێ بە برسی کردن تەربیەتیمان بکەن، بەڵام ئەگەر گەڵای دار زەیتونەکان بخۆین تەسلیم نابین و گەلی ڕۆژئاوا ئەوان تەربیەت دەکات."، ئێستاش مامۆستایان و هەموو کۆمەڵگای باشور پێویستە تەسلیمی برسێتی نەبن و بە خۆڕاگریان دەسەڵات تەربیەت بکەن.