خاوەنکار، جەژنی یاری و یەکیەتی گەلانە

26 تشرینی یه‌كه‌م, 2018

 

باوەڕی یاری یەکێک لە باوەڕیە دێرینەکانی کوردستان و ئێرانە. ڕۆژی 25 ئۆکتۆبەر ڕۆژی جەژنی خاوەنکار لە باوەڕی یاریدایە. وەک کۆمیتەی باوەڕیەکانی «کۆمەڵگا‌ی دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ـ کۆدار ‌KODAR» ئەم جەژنەی ئازادی، یەکیەتی و تێکۆشان و مرۆڤدۆستی لەوانەی کە باوەڕیان بە ئایینی یاری هەیە پیرۆز دەکەین. بێگومان ئەم ڕۆژە دەتوانێت ببێتە هۆی یەکیەتی و یەکسانی بۆ تێکۆشانی بێ وچانی یارانی باوەڕی یاری لە کوردستان.

زۆربەی جەژن‌ و بۆنەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و کوردستان دەرەنجامی تێکۆشانێکی بێ وچان و ماندوو نەناسانەن و ئازادیخوازی گەلان باس دەکەن. جەژنی خاوەنکار لە باوەڕی یارسانی دەرەنجامی تێکۆشان و خۆڕا‌گری و یەکیەتی باوەڕمەندانی بۆ گەیشتن به ئازادی و یەکسانیە و هەر ساڵ بەم بۆنەیە جەژنی ئازادی خاوەنکار لە کوردستان و ئێران بەڕێوە دەچێت. لە ئێستادا زیاتر لە ڕابردوو پێویستە به بۆنەی ئەم ڕۆژە، مێژووی خۆڕاگری به تێکۆشانی ئازادیخوازانەی ئەمڕۆوه گرێ بدەین و لە بەردەوامی پێدانی جەژنی‌ ئازادی و نوێکردنەوەی هەوڵی زیاتر بدەین. دەرەنجامی کۆمەڵایەتی،‌ سیاسی و ئایینی ئەم جەژنە لە ئەساسدا تێکۆشانی باوەڕمەندانی یاری لە کوردستان و ئێران بۆ بەردەوامی هەبوون و کەرامەت و شەرەفی خۆیانە. لە ئێستادا دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی ئێران وەڵامی داخواز و مافە ڕەواکانی باوەڕمەندانی ئایینی یاری ناداتەوە و ڕووبەڕووی ئەشکەنجه، زیندان و لەسێدارەدان دەبنەوە. هیچ مافێ لە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی بۆ باوەڕمەندانی یاری بەرچاو نەگیراوە، بۆیە ئەرکی هەموو باوەڕمەندانی یاری‌ ئەوەیە که تێکۆشان بۆ بەدی هێنانی ئازادی پەرە پێ بدەن بۆ ئەوەی که هەبوون و مێژووی گەلەکەمان بپارێزن. لە کاتێکدا که کوردستان گەیشتن بە ئازادی نزیک بۆتەوە، جەژنی خاوەنکار دەتوانێت ببێتە هەوێنی‌ یەکیەتی و تێکۆشان و هیوا و له‌ ئێستادا ئەم دەرفەتە مێژوییە لە ئارادایە. بە دڵنیاییەوە هەر چوار بەشی کوردستان بەرەو جەژنی ئازادی دەچن و باوەڕمەندانی ئایینی ‌یاری کۆڵەکەی مێژووی هاوچەرخی خەباتی گەلەکەمانن. یاری به واتا‌ی پشتیوانی بۆ تێکۆشانی دیمۆکراتیک و بەدی هێنانی سیستەمی گەلان و «نەتەوە دموکراتیک»ە.

باوەڕمەندانی ڕاستەقینەی باوەڕی یاری لە ساڵی 2014 بە ناردنی نامەیەک لە ڕێگای پارێزەرانەوە بۆ ڕێبەری گەلی کورد، ڕێبەر ئۆجالان پێداگری خۆیان لەسەر ئەرکی ئەخلاقی، سیاسی لە ڕێگای خەباتی ئازادیخوازانەی گەلی کورد بە باشی نیشان دا. ڕێبەر ئاپو لە وەڵامی ئەم نامەیەدا بۆ هەڵوێستی مرۆڤدۆستانە و شۆڕشگێڕانەی باوەڕمەندانی ئایینی یاری سڵاوی نارد و دەستخۆشی لێ کردن. بە هیوای ئەوەی که هەموو‌ جەژنە‌کان و بەتایبەتی جەژنی خاوەنکار لە لوتکەی تێکۆشانی ئازادیخوازانەی گەلەکەمان لە کوردستان و ئێران بە گەیشتن بە ئازادی گەلان بگاتە دەرەنجامی خۆی و هەموو لایەک تێیدا بەشدار بن.

وەک کۆمیتەی ئایین و باوەڕییەکانی «کۆدار» جارێکی تر جەژنی خاوەنکار لە باوەڕمەندانی ئایینی ‌یاری پیرۆز دەکەین و هیوادارین که وەک هەمیشه لە ڕێگای تێکۆشانی گەلەکەمان بۆ گەیشتن به ئازادی، زیاتر لە ڕابردوو تێکۆشانیان پەرە پێ بدەن و ببنە یار و یاوەری تێکۆشان بۆ ئازادی. تێکۆشانی ژنان، جەوانان و لایەنە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران پێویستە به بۆنەی جەژنی خاوەنکار که جەژنی سەرکەوتنە، ببنە پاڵپشتی خەباتی ئازادیخوازانه.

                        

                                                                                      کۆمیتە باوەڕیەکانی کۆدار

                                                                                                 27/10/2018