بۆ ڕای گشتی

لەکاتێکدا کە لە دوازدەهەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری و پێنجەمین خولی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنەکانی شار و گوندەکان نزیک دەبینەوە کە دۆخێکی ئاڵۆز باڵی بەسەر کەشی ناوخۆیی ئێراندا کێشاوە. بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی قەیرانی شێوەگرتوو لە بواری سیاسەتی جیهانیدا، سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆمەڵگای ئێران قۆناغێکی هەستیارتریان لە پێشە. لەو نەخشە ڕێگایەی کە وەک «نەخشەڕێگای کۆدار بۆ دیموکراتیزە کردنی ئێران و چارەسەری پرسی کورد» ڕامان گەیاند، چوارچێوەی تیۆری و ڕێگاچارەی کرداری کۆدارمان ڕوو بە دەسەڵات، دەوڵەت و کۆمەڵگا پێشکەش کرد. بە سەرنجدان لە بەردەوامی ئەو سیاسەتانەی کە گوزارە لە بەربەستکردن، قۆرخکاری و پاوانخوازی کردووەو لەسەرەتای دەیەی شەستەوە تا ئەمڕۆ بەربڵاوترو زیاتر بووە، دەمانەوێت بە پێشکەشکردنی کەمترین داواکاریە ڕەواکانی کۆمەڵگا و نەتەوەکانی ئێران لە چوارچێوەی ئەم دەکلەراسیۆنەدا، وەک پێوانی هەڵسەنگاندن ڕابگەیەنین. ئەم دەکلەراسیۆنە، بۆ نرخاندنی کردەوەو بۆچوونی سیاسی ئەو کەسانەیە کە فکری سیاسی، کەلتوری و مافی کۆمەڵگا وەک دەستمایەی خۆیان لە گەڕی هەڵبژاردندا بەجێ دەکەن. لەسەر ئەم بنەمایە، هەڵوێستی کۆتایی ئێمە سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان لەسەر بنەمای ئەو کاردانەوانە دەبێت کە لایەنە سیاسیەکان و کاندیدە بەشدارەکان لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە نیشانی دەدەن:

1ـ ئامادەیی دەربڕین بۆ فەراهەم کردنی چوارچێوەیەکی پێویست بۆ تێپەڕاندنی کەشی ئاسایشی-سەربازی ئێستا بۆ کەشێکی سیاسی کراوە.

2ـ ئامادەیی دەربڕین بۆ گفتوگۆکردن لەسەر گۆڕینی دەستوری بنەڕەتی ئێران؛ چونکە ئەم بابەتە بە کلیلی کرانەوەی فەزای دیموکراتیک ئەژمار دەکەین.

3ـ ئامادەیی دەربڕین بۆ لابردنی بەربەستە یاسایی و لەسەرووی یاساکان بەردەم چالاکی پارتە سیاسیەکان و کۆمەڵگای مەدەنی؛ لەم چوارچێوەیەدا بە فەرمی ناسینی مافی ئازادی هەر هاوڵاتی و گروپێکی کۆمەڵایەتی لە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەو سەرپێچی مەدەنی.

4‌ـ بەتاڵ کردنەوەی هەموو میکانیزمەکان، یاساکان و ماددە-تێبینیە یاساییەکانی کە ڕەوایەتی بە ستەم و جیاکاری ڕەگەزی ژن دەدەن.

5ـ ئامادەیی دەربڕین، پابەند بوون، بەڵێن دان و پێشکەشکردنی پڕۆژەی دیاریکراو بۆ نا ناوەندێتی لە مەیدانەکانی بەڕێوەبەرایەتیە بەربڵاوی کارگێڕی و بە فەرمی ناسینی مافی بەڕێوەبردنی ناوچەیی لە ئاستی سیاسی، کەلتوری، ئابوری و پەروەردەیی.

6ـ بە فەرمی ناسینی ئیرادەو توانای بەڕێوەبردنی لاوان لەهەموو مەیدانەکاندا بە تایبەت لە دامەزراندن، پێشخستن و بەڕێوەبردنی دامەزراوەو ڕێکخراوەکانی تایبەت بە گەنجان.

7ـ پەسەندکردنی هەبوونی کێشەی کوردو کێشەی گەلانی ئێران هەروەها پرسەکانی تایبەت بە گروپە مەزهەبی-باوەڕیەکان؛ نزیکبوونی هەرە ڕاست بۆ چارەسەی ئەم پرسە بە فەرمی ناسینی یەکەکانی خۆبەڕێوەبەری هەرێمی لە چوارچێوەی جیۆگرافیای سیاسی و وڵاتی ئێراندا دەبێت.

8ـ ڕاگەیاندنی پڕۆژەو هەنگاونانی کرداری لە ڕاستای "پەروەردە بە زمانی دایک" لە سەرەتایی ترین ئاستی پەروەردەیی تا بەرزترین ئاست بۆ هەموو نەتەوەکانی ئێران لە نێویاندا کورد، ئازەری، عەرەب، بەلوچ، تورکمان و کۆمەڵگا کەلتوریەکانی تر.

9ـ کۆتایی هێنان بە هەموو ئەو پڕۆژانەی ژینگە تێکدەدەن، بەتایبەت دروست کردنی هەڕەمەکی بەنداوەکان.

10ـ دەست هەڵگرتن لەو پڕۆژەو بەرنامەکانی ئابوری ڕانتگەرا و بە فەرمی ناسینی مافی بەڕێوەبردن، بەکارهێنان و بەرهەمهێنانی ناوچەیی لەلایەن کۆمەڵگاو دامەزراوە ئابوریە پەیوەندیدارەکانەوە.

11ـ ئازادی بێ شەرت و مەرجی هەموو زیندانیە سیاسێکان و سڕینەوەی سزای نامرۆڤانەی سێدارە.

لە کۆتاییدا بەبیری دێنینەوە کە کۆمەڵگای کوردو هەموو نەتەوەکانی ئێران بەردەوام بەدوای داواکاریە مێژووییەکانی خۆیانەوە بوون و لە تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ئازادیخوازی و دیموکراتیکی خۆیان بەهیچ شێوەیەک پاشگەز نەبوونەوە. لە ئەگەری وەڵامێکی ئەرێنی و گونجاو لەلایەن دەسەڵات، دەوڵەت و لایەنە سیاسیە بەشدارەکانی پڕۆسەی هەڵبژاردن بەم دەکلەراسیۆنە، بێگومان یەکەمین هەنگاوەکان بۆ ئافراندنی ئاتمۆسفێرێکی گونجاو لە ڕاستای چارەسەری دیموکراتیکی پرسە گەورەکاندا دەهاوێژرێت. جگە لەمە، ئیرادەی سیاسی کۆمەڵگاو هەلومەرجی هەرێمی و جیهانی بە مەبەستی پێشخستنی تێکۆشانی ئازادیخوازانە لە ئێران و ئەنجام وەرگرتن، زۆر لەبار دەبینین و بۆ بەردەوام کردن و بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشانی سیاسی، کەلتوری و پارێزگاری لەخۆمان پێداگری دەکەین.

 

 

کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار

06/05/2017