بۆردومانی کیمیای ‌‌هەلەبجه که له ‌1988.3.16 له لایەن ڕژیمی بەعسی عێراق پێک هات، یەک لەو ڕۆژه ڕەشانەیه که تا ئەمڕۆیش برینێکی ساڕێژ نەبووه بەسەر جەستەی دایکی نیشتمانەوه...

 

  ئارین زانا

بۆردومانی کیمیای ‌‌هەلەبجه که له  ‌1988.3.16 له لایەن ڕژیمی بەعسی عێراق پێک هات، یەک لەو ڕۆژه ڕەشانەیه که تا ئەمڕۆیش برینێکی ساڕێژ نەبووه بەسەر     جەستەی دایکی نیشتمانەوه.

لەو ڕۆژەدا به تاوانی کورد بوون، جوانی و ڕازاوەیی، شارەکەی عادیله خانم به گازی نەوەکانی میجرسۆن وەکو خونچە گوڵێکی نوێ پشکەوتوو ژاکا!

هەزاران کۆترە باریکه بۆ نەجاتی بێچوەکانیان خۆیان کردە قەڵغان!

هەزاران پەرەسێلکەی چاوگەش بێ ئەوەی بزانن کێن غەریب کەوتن!

هەزاران وەنەوشەی بۆن خۆش کە تا ئەوکاتە تامی سێوی عەشقیان نەچێشتبوو برانە بەر خورانی گورگە لەش برسیەکانی بەعس!

هەزاران دایک لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی بەرخۆلەکانیان سۆمای چاوانیان بێ سۆ ما!

کێ باوەڕ دەکات شارێک کە ڕەنگی بەهاری لە خۆ کردبوو، لە ڕۆژێکدا ڕەش پۆشی 5000 پە پوولە بوو!

کێ باوەڕ دەکات دەشتی شارەزوور کە هەر ڕۆژ بە بادی خۆش مۆروور نامەی نالی پێ دەگەیشت، بە تۆفانی بیابانی جەهالەت تۆزی خەردەل و سارین و تابۆن لە چرکە ساتێکدا دای پۆشی!

۳۱ ساڵە مرۆڤایەتی لەو ڕۆژە ڕەشەدا ڕادەبێت، باوێشکێک دەدات، ئەو ساتە مەرگاویانەمان دەخاتە پیشانگا سەهۆڵینەکانیەوە و "فرمێسکی تیمساح"مان بۆ دەڕژێ و بە سەمفۆنیایەکی دڵبرژێن برینە سارێژ نەبووەکانمان دەکولێنێتەوە و هاوخەمی خۆی بۆمان ڕادەگەیێنێت و دەین دارمان دەکات کە لە بیری نەکردووین!

بە ڕاستی بۆچی هەڵەبجە و بۆچی چەند ڕۆژ بەر لە نەورۆز مەرگ بووە بەشی ئەو کەسانەی کە بێ تاوان بوون و بێ لایەن لە شەڕی "تەورەکەی تکریت" و "عابا ڕەشەکەی تاران"!؟

بە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژووی ئەم وڵاتە بریندارە دەبینین کە لە بەر هەڵکەوتەی جوغرافی کوردستان هەمیشە کەوتوەتە بەر پەلاماری نەیاران و هەروەها بەکارهێنانی وەک زەوی سووتاو بووە بە هۆی ئەوەی کە هەرکات شەڕێک ڕووی دابێت یەكەم چرنووکی هێرش جەستەی وڵاتی ڕۆژی بریندار کردبێت.

ڕژیمی بە عسی عێراق لە بەر ئەوەی ڕێگری لە پێش چوونی ئێران بۆ ناو خاکی عەراق بکات هۆڤانەترین کاری کرد کە لە ویژدان بە دوور بوو. کێ لە کورد باشتر بۆ ئەوەی ببێت بە قۆچی قوربانی شەڕخوازی و هەوەسی بێ کۆتای وەحشیگەری و دڕندەیی خۆی؛ جا چ باشتر کە ئەو کەسانە کوردێک بن کە بە فەرمانی ئەنفالی خوداکانی بەعس دەبێت بمرن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە مافێکیان بە سەر ژیانەوە نیە!

خاڵی دووەم کە جێگای سەرنجە چەند ڕۆژ مابوو بۆ نەورۆز کە جەژنێکی کەڤناری کوردانە، هەڵەبجە شاری گوڵ و جوانی بە ئاگری ڕەق و نەفرەتی شەمشەمەکوێرەکانی بیابانی، جەرگی سووتا و دوکەڵی مردن دای پۆشی!

بە سەرنج ڕاکێشانێك بە ئەو ڕووداوە تاڵانە کە لە مێژووی کوردستاندا ڕویان داوە دەبینین کە هەڵکەوتەی زۆرێک لەو ڕۆژانە شتێکی بەڕێکەوت نیە و پلان بۆ داڕێژراوە . نمونەی هەرە بەرچاو ڕۆژی پلانگێڕی نێودەوڵەتی دژ بە سەرۆک ئاپۆیە کە هاوکات بوو لەگەڵ دەستبەسەرکردنی شێخ سەعیدی پیران. هەروەها ڕۆژی ڕاگەیاندنی حوکمی ئێعدامی سەرۆک کە هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی لەسێدارەدانی شێخ سەعید و هەڤاڵانی.

ئێعدامی مامۆستا فەرزاد کەمانگەر و هەڤاڵانی کە لە كۆتایی هەفتەی مامۆستا لە ئێران بوو. ئەمەش پەیامێکی ئاشکرای بۆ گەلی کورد تێدا بوو. هەر بۆیەش بە دڵنیاییەوە هەڵبژاردنی ڕۆژی بۆردوومانی کیمیایی هەڵەبجە شتێکی ڕێکەوت نیە و ئەو پەیامەی لە خۆیدا هەڵگرتووە کە داگیرکەران هیچ کات چاویان بە خۆشی گەڵی کورد هەڵ نەهاتووە و هەمیشە ویستوویانە بە وەحشیانەترین شێوە خۆشیەکانی کورد تاڵ بکەن تا بەم شێوازە گەلی کورد بێ ئیرادە بکەن.

هەڵەبجە یەک لەو ڕۆژە تاڵانەی دیرۆکی کوردستانە کە دوژمنان بە سەر کورداندا فەڕزیان کردووە بەڵام ئەم گەلە بەرخۆدێرە وەک ئەو دار بەڕووە سەربەرزەکانە کە قەت لە ریشەی خۆی دانابڕێت و ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتە ئەمڕۆ نەک تەنها بۆ کورد بەڵکوو بۆ مرۆڤایەتی تێدەکۆشن و بۆ ئاواکردنی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک فیداییانە تێدەکۆشن و گیانی خۆیان فیدا دەکەن.