زانیاری زۆرتر لەسەر دیداری هونەرمەندانی کورد ناسر رەزازی و نەجمە غولامی لەگەڵ هاوسەرۆکانی کۆدار

هونه‌رمه‌ندان گه‌وره‌ی كورد مامۆستا نه‌جمه‌دین غوڵامی و مامۆستا ناسر ره‌زازی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ رێكه‌وتی ٢٤ی رێبه‌ندان سه‌ردانی هاوسه‌رۆكانی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمه‌ڵگای دیموكراتیك و ئازادی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، كۆداریان كرد. له‌ دیداره‌كه‌دا زیلان تانیا و فواد بێریتان هاسه‌رۆكانی كۆدار و هه‌روه‌ها زۆزان گابار ئه‌ندامی كومیته‌ی كولتوور و هونه‌ری كۆدار، به‌شدار بوون.

له‌ دیداری هونه‌رمه‌ندان نه‌جمه‌دین غوڵامی و ناسر ره‌زازی له‌گه‌ڵ كۆدار، رۆڵی هونه‌رمه‌ندان له‌ پێشخستنی شۆڕشی رزگاریخوازی كوردستان خرایه‌ به‌رباس. 

له‌سه‌ره‌تای چاوپێكه‌وتنه‌دا فواد بێریتان هاوسه‌رۆكی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كۆدار، به‌ خستنه‌ به‌رباسی گرینگی رێبه‌رایه‌تی و پێگه‌ی كاریگه‌ری ڕێبه‌ر ئاپۆ، تیشكی خسته‌ سه‌ر هه‌وڵدان و تێكۆشان بۆ ئازادی ڕێبه‌ر ئاپۆ و گوتی: (( خاوه‌نداری كردن له‌ ڕێبه‌ر ئاپۆ ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی و ویژدانی هه‌ر مرۆڤ دۆستێكه‌ و بۆ وه‌دی هێنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی ئازاد و دیموكراتیك پێویسته‌ به‌ پشتیوانی و خاوه‌ن ده‌ركه‌وتن له‌ رێبه‌ر ئاپۆ ئه‌م خه‌ونه‌ وه‌دی بهێنین.)) هه‌روه‌ها فواد بێریتان باسی له‌ كاریگه‌ری هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان و رۆشنبیرانی كۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر به‌ره‌وپێشچوونی ره‌وتی ئازادیخوازی و دیموكراسی له‌ كوردستان كرد و رۆڵی هونه‌رمه‌ندان و رۆشنبیرانی له‌ پێشه‌نگایه‌تی كردن بۆ پشتیوانی له‌ رێبه‌ر ئاپۆ،گرینگ و كاریگه‌ر نرخاند.

له‌به‌رده‌وامی وته‌كانیدا هاوسه‌رۆكی كۆدار، فواد بێریتان گوتی: (( هه‌وڵدان بۆ ئازادی ڕێبه‌ر ئاپۆ ئه‌ركی ئه‌خلاقی هه‌ر مرۆڤێكی چه‌پ و ئازادیخوازه‌ و له‌ناویشاندا هونه‌رمه‌ندان و رۆشنبیران وه‌ك پێشێنگانی كۆمه‌ڵگا خاوه‌ن رۆڵێكی تایبه‌تن، و ئه‌وانن كه‌ هه‌ركات به‌ به‌رهه‌مه‌ هونه‌ریه‌كانیان توانیویانه‌ وره‌ی كۆمه‌ڵگا به‌رز كه‌نه‌وه، بۆیه‌ بانگ له‌ هه‌موو هونه‌رمه‌ندان و هێزه‌ چه‌پ و سۆسیالیسته‌كان ده‌كه‌ین كه‌ به‌ خاوه‌نداری كردن له‌ رێبه‌ر ئاپۆ بانگی ئازادی و مرۆڤ دۆستی هه‌ڵده‌ن.))

له‌ درێژه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا زیلان تانیا هاوسه‌رۆكی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كۆدار، جه‌ختی كرده‌‌ سه‌ر كێشه‌ی په‌رته‌وازه‌ بوون و دوور بوونی ته‌ڤگه‌ره‌ گۆڕانخواز و دیموكراسیخوازه‌كان له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان و رۆشنبیرانی كۆمه‌ڵگا و وتی: ((ئه‌م په‌رته‌وازه‌ بوونه‌ ده‌بێته‌ هۆكاری لاوازبوونی ئیراده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ كوردستان. بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ مێكانیزم‌گه‌لێكی هاوبه‌ش هه‌یه‌ بۆ خه‌بات و تێكۆشان. مێكانیزم‌گه‌لێكی كه‌ بتوانه‌ ته‌واوی هێزه‌ چه‌پ، دیموكراسیخواز، رۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندانی خاوه‌ن بیروڕا له‌ ده‌وری یه‌ك كۆكاته‌وه‌ و ببێته‌ هه‌وێنی وره‌ و هێز بۆ گه‌ل.)) هه‌روه‌ها زیلان تانیا تیشكی خسته‌ سه‌ر گرینگی به‌ستنی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی و رۆڵی هونه‌رمه‌ندان له‌ هاندانی كۆمه‌ڵگا و لایانه‌ سیاسیه‌كان بۆ پێكهێنانی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی. زیلان تانیا گوتی: (( كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ك یه‌كێك له‌و مێكانیزمانه‌یه‌‌ كه‌ ده‌توانێ خه‌ونه‌كانی گه‌لی كورد وه‌دی بهێنێت، و هونه‌رمه‌ندان و رۆشنبیرانی گه‌له‌كه‌مان له‌م پرۆسه‌یه‌دا ده‌توانن رۆڵێكی سه‌ره‌كیان هه‌بێ. بێ گومان به‌ستنی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ده‌توانێ پێگه‌ی كورد له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌هێزتر بكات بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هونه‌رمه‌ندان و رۆشنبیرانمان خاوه‌ن ئه‌ركێكی گه‌وره‌ن و تووانایی پێشه‌نگایه‌تی له‌م بواره‌یاندا هه‌یه‌.))

 

هه‌روه‌ها زۆزان گابار ئه‌ندامی كومیته‌ی كولتوور و هونه‌ری كۆدار سه‌رنجی راكێشا سه‌ر پێگه‌ی هونه‌ری شۆڕشگێڕی و رۆڵی هونه‌ر له‌ شۆڕشی كوردیدا و گوتی:(( كاتێك باس له‌ هونه‌ری شۆڕشگێڕی ده‌كرێت ناوی هونه‌رمه‌ندانێك وه‌ك مامۆستا نه‌جمه‌دین غوڵامی و ناسر ره‌زازی دێته‌ بیری هه‌ر مرۆڤێك و بێ گومان شوێن پێی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ له‌ ناو شۆڕشی كوردستاندا دیاره‌ و چاوه‌ڕوانی ده‌كرێت كه‌ هونه‌رمه‌ندانی خاوه‌ن بیروڕا و به‌رپرسیار، له‌م قۆناغه‌دا بتوانن رۆڵی خۆیان به‌ باشی بگێڕن و له‌ ره‌وتی پێكهێنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی ئازاد و دیموكراتیك ئه‌ركێكی به‌رچاویان هه‌بێت.)) هه‌روه‌ها زۆزان گابار له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا باسی له‌ پێویستی دروست بوونی به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌ نێوان هونه‌رمه‌ندان كرد و  جه‌ختی كرده‌ سه‌ر ئه‌وه‌یكه‌ پێویسته‌ پلاتفۆرمێكی هاوبه‌ش له‌ نێوان هونه‌رمه‌ندانی كورد له‌ هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان دروست بكرێت و روانگه‌یه‌كی هاوبه‌شی نه‌ته‌وه‌یی له‌ بواری هونه‌ری په‌ره‌ی پێبدرێت.

له‌ درێژه‌ی دیداره‌كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ هونه‌رمه‌ندان نه‌جمه‌دین غوڵامی و ناسر ره‌زازی باسیان له‌ رۆڵ و پێگه‌ی رێبه‌ر ئاپۆ كرد و پشتیوانی كه‌ بیروهزری ئۆجالانیان به‌ ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی هه‌ر مرۆڤێكی ئازادیخوازیان له‌ قه‌ڵه‌مدا. نه‌جمه‌دین غوڵامی باسی له‌ گرینگی دروست بوونی به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌شی هونه‌ری كرد و پشتیوانی دوو لایانه‌ی هونه‌رمه‌ندان و رۆشنبیران له‌ شۆڕشی ئازادیخوازی هاوكات له‌گه‌ڵ خاوه‌ندارێتی لایانه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌ هونه‌ری شۆڕشگێڕی كرد. له‌ به‌رده‌وامی دیداره‌كه‌دا ناسر ره‌زازی تیشكی خسته‌ سه‌ر گرینگی پێكهاتنی ره‌وتێكی هونه‌ری نه‌ته‌وه‌یی و بۆ ئه‌مه‌ش پێویستی به‌رپرسیارێتیه‌كی زیاتره‌ هه‌م له‌لایان هونه‌رمه‌ندان و هه‌میش له‌لایان هێزه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، بۆیه‌ پێویسته‌ كه‌ به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌ نێوان هونه‌رمه‌نداندا دروست بێت.

له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌ هه‌م شاندی كۆدار و هه‌میش هه‌ر دوو هونه‌رمه‌ند جه‌ختیان خسته‌ سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ كه‌ ‌  هه‌وڵدان بۆ دروست كردنی به‌ره‌یه‌كی هاوده‌نگ له‌ نێوان هێزه‌ چه‌پ و سۆسیالیزم و گۆڕانخوازه‌كان پێویستیه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره،‌ و بۆ وه‌دی هاتنی ئه‌مه‌ش رووناكبیران و هونه‌رمه‌ندان خاوه‌ن رۆڵێكی تایبه‌تن و ده‌توانن زۆرترین كاریگه‌ریان له‌ پێكهاتنی وه‌ها به‌ره‌یه‌ك هه‌بێت. هه‌روه‌ها گرینگی مێكانیزمێكی هابه‌شی خه‌بات و تێكۆشان خرایه‌ به‌باس و جه‌خت كرایه‌ سه‌ر په‌ره‌پێدان به‌ هه‌وڵدانه‌كان بۆ دروست كردنی پلاتفۆرمێكی هاوبه‌ش له‌ نێوان هه‌م هێزه‌ دیموكراتیكانه‌ی كۆمه‌ڵگا.