جوتیار پیشه‌وا

گەلانی وڵاتی ئێران چەندین ساڵە بە دوای گۆڕانکاری بنگەیی لە ژیانی سیاسی وکۆمەڵایەتی خۆیان هەموو کاتێک بە رێ و رێبازی جیاواز لە گۆڕی دەم لە لێگەڕینێکی نوێدان ودەیانەوێت بەگشتی لەگۆڕی زانستی نوێ دیموکراسیخوازی وژیانی دیموکراتیک ئاڵوگۆر لە زیهنیەت وئەقڵیەتی هەیی دەسەڵاتی تۆتالیتری کۆماری ئیسلامی ئێران بهێنن. لەلایکی تر دەسەڵاتی چەق بەستوی کۆماری ئیسلامی لەبواری زیهنیەتەوە هەوڵ دانی ئەوەیە کە نەهێلێت زانستی نوێی دیموکراسی وژیانی دیموکراتیک لە هەموو بوارێکەوە دزە بکاتە ناوژیانی سیاسی وکۆمەڵایەتی گەلانی ئێران بۆیە بە سازکردنی چەمکەکانی دوواکەوتووی زهنی کە بنەمای خۆی لە چەقبەستویی ئاینی دەگرێت، دەسەڵات و هەبونی خۆی بونیاد ناوە. بەڵام هەتا ئەمرۆ ئەو شێوازە ئەقڵیەتەی کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە سیاسەتەکانی خۆی بەگشتی لە هەموو بوارێکەوە سەقام گیربکات ولە هەمان کاتدا هەڵوێست وکاردانەوەی گەلانی ئێران هەموو کاتێک لە بواری ڕوناکبیری، زیهنی وکۆمەڵایەتی بۆ پێشکەوتنی ژیانی ئازاد ودیموکراسی خوازانە ڕەنگ دانەوەی بنگەیی هەتا ڕۆژی ئەمرۆ لەدژی زیهنیەتێکی چەقبەستوی دواکەوتوو کۆماری ئیسلامی بە خۆیەوە بینیوە. بۆیە ویستم بە کورتی باس لەسەر زیهنیەتی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بکەم هەتا دەربکەوێت کە ویست وداخوازی گەلانی ئێران زۆر بنگەیی تر و لە گۆری بنچینەکانی دیموکراسی خوازانە وژیانێکی دیموکرایتکە.

 

 

ئەگەر بەکورتی چاو لە ناکۆکییەکانی نێوان لایەن و ڕەوتەکانی ناودەسەڵات بکەین دەردەکەوێت کە تا ڕۆژی ئەمرۆ شڵەژانێک لە پێکهاتەی دەسەڵات وحکومەت لەسەر سێ مژاری ئابوری وبەڕێوەبەری ومانەوە لە بازنەی دەسەڵات وسیاسەت لە ئارادایە. هەرلە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی وهاتنە سەرحوکمی دەسەڵات لەلایەن خومەینیەوە وجێ بەجێ نەکردنی بەڵێن و ویست وداخوازی گەلانی ئێران کە شۆرشیان کرد بوو، بۆ پێکهێنانی پێورەکانی دیموکراسی و ئازادی لە لایەن دەسەڵاتی خومەینی وسەرکوت کردنی گەلانی ئێران بەتایبەت گەلی کورد ناکۆکی لە ناو چینی مەلاکاندا دروست کرد. دەتوانین ئاماژە بە ناکۆکی خومەینی و ئایەتوڵای مونتەزری بکەین. دوای مەرگی خومەینی لایەن و ڕەوتەکانی ناو دەسەڵات بۆ ئەوەی کە هەرکامیان بەشی خۆیان لەو سێ مژارە کە ئاماژەم پێ کرد وەربگرن، کەوتنە ڕەکابەری وناکۆکیەکان ڕواڵەت وفۆرمی بەرەی بەخۆیەوە گرت. تەنانەت لەکاتی هەڵبژاردنی خامنەیی بۆ جێگای ڕێبەرایەتی کۆماری ئیسلامی ڕاوبۆچونی ناکۆک وجیاواز لە نێوان مەلا ئایینیەکان هاتە ئاراوە. سەردەمی شەڕی نێوان ئێران وعێراق هاوکات بوو لە گەڵ سەرۆک کۆماری خامنەیی ولەم هەشت ساڵەی شەڕە هەتا کۆتای هاتنی شەڕ و هاتنە سەر دەسەڵاتی ڕەفسەنجانی بۆ سەرۆک کۆماری، خامنەیی ڕەوتی ڕادیکالی ئستاتۆ پارێزی خۆی لە ناو سوپای پاسداران وناوەندە ئەمنیەکان بەجێ دەکرد و لە هەموو ڕوویەکەوە سەرقاڵی قایم کردنی پێگە وجێگەی خۆی دەبێت. سەردەمی ڕەفسەنجانی هاوکات دەبێت لە گەڵ کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران وعێراق وهەروەها مەرگی خومەینی لە ساڵی یەکەمی دەسەڵاتداری رەفسەنجانی قەوما. لە هەمان ئەو سەردەمانەدا لە زۆرینەی خاکی وڵاتی ئێران دەسەڵاتی مەلاکان دەستیان کرد بە پاکتاوکردنی لایەن ودژبەرەکانی خۆیان وتەنانەت کوشتن وگرتن وقەتڵ و عام کردن و ئیعدام کردنی گیراوانی سیاسی لەئاستێکی هەرە بەرزدا بە فەرمانی خومەینی پێک هات. شەڕ لە کوردستان وبەلوچستان وچەندین شوێنی تر بە دەستوری خومەینی درا. لە سەردەمی سەرۆک کۆماری ڕەفسەنجانی، کەش وهەوای سیاسی ونیزامی بە سەر کۆمەڵگای ئێران دا دەسەپێنێت و لە زۆربەی خاکی وڵاتی ئێران بە ڕێوەبەری هەموو شوێنەکانی کومەڵایەتی دەگرێتە دەست وسەرقاڵی دیزاین کردنی سیاسەکانی دەسەڵات دەبێت.

 

 

پاش کۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆک کۆماری ڕەفسەنجانی، محەمەدی خاتەمی کە کەسایەتیەکی ڕیفۆرم خواز بوو بەسەرۆک کۆمار هەڵدەبژێردرێت و لە سەردەمی ناوبراودا ناکۆکییەکانی ناو باڵ و ڕەوتەکانی دەسەڵات ئاشکراتر دەبینرێت. باڵی ڕادیکاڵی ناو سوپای پاسداران وناوەندە ئەمنیەکان بە شێوازێکی بەرەڵا وبێ هیچ بەربەستێک کۆمەلێک کوشتن و قەتل وعام هەم لەناوخۆی وڵاتی ئێران و هەمیش لە دەرەوەی سنورەکانی خۆی لە وڵاتە جوداکاندا پێک دەهێنێت کە بە دۆسیەی قەتڵوعامی زنجیرەیی ناو بانگی دەرکرد و لە هەمان کاتدا سیاسەتی خاتەمی لە ناو خۆی وڵاتی ئێراندا کرانەوەیەکی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، ڕوژنامەوانی و ڕا دەربڕینی هێنا ئاراوە وبە هەمان شێوە لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیشی دیالۆگ و گفتۆگۆی لە گەڵ وڵاتانی ئەوروپایی وهەرێمەکە دەست پێ کرد. کە ئەم مژارە بۆ ڕەوتی ڕادیکالی ئستاتۆپارێز زۆر حەز پێ کراو نەبوو، تەنانەت ناکۆکی ڕەوتەکانی ناو دەسەڵات بۆ ئەوەی کە هەڵوێستی خۆیان دیاربکەن، ناڕەزایەتی خۆیندکارانی زانکۆی تاران کە بە کۆی زانکۆ ناوی دەرکرد بوو بە قەتل کردنی خۆێندکاران وهەلوێست وناکۆکی ڕەوتەکان لە بەرامبەر یەک، کاریگەری لە سەر کۆمەڵگا وچینی پێشرەوی کۆمەڵگا دانا ومڕۆظە سیاسی و چالاکانی مەدەنی بوویان دەرکەوت کە دەسەڵات لە ناو خۆیدا قوول ناکۆکی ژیان دەکات. جێگای باسە کە یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی دەسەڵاتە توتالیتارەکان ئەوەیە کە هەموو کاتێک بۆ ئەوەی کردەوە وشەرعیەتی خۆیان ڕەوا بکەن، باس لەسەر دوژمنێکی خەیاڵی بۆ پێکهاتەی گەل دەکەن و هەروەها خۆیان هاوخەم بۆ دەستێوەردان لە کاروباری نەتەوەکانی دیکە کە دەیخەنە چوارچێوەی کردارییەوە، نیشان دەدەن کە بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئسلامی ئەم مژارە بینراوە. وەک نمونە دەتوانین ئاماژە بە پاڵپشتی ڕژێم لە گروپەکانی حیزبوڵای لوبنان و حەماس و وەکوتر بکەین.

 

 

مەحمودی ئەحمەدی نەژاد کە دوای محەمەدی خاتەمی هاتە سەر دەسەڵات لە ئێراندا کەسایەتێکی ڕادیکالی ئستاتۆپاڕیز بوو، کە سەرەتای دەست بە کاربوونی گرژی وئالۆزی هەم لە سیاسەتی ناوخۆیی وهەمیش لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی دەستی پێ کرد. ناکۆکی لەگەڵ هێزە جیهانیەکان لەئاستی هەرە ژووردا وپێداگری لەسەر دروست کردنی چەکی ناوەکی ــ پەرەسەندنی بێکاری و هەژاریــ دروست کردنی کەش وهەوای تۆقێنەر لەناوخۆی وڵاتی ئێران ــ دەست بەسەر کردنی چالاکانی مەدەنی وسیاسی ــ داخستنی ناوەندەکانی مەدەنی ــ گرتنی ڕوژنامەوانان و گەندەڵی ئابوری لە ناو پێکهاتەی دەسەڵات وحکومەت ــ سیاسەتی پەڕاوێز خستنی ڕەوتی ڕفۆرم خواز لە دەسەڵات وحکومەت ــ هەناردەکرنی ئابوری گەلانی ئێران بۆ گروپ و لایەنەکانی نزیک کۆماری ئیسلامی بۆ شەڕائەنگیزی یا ئاژاوە گێری لە ناوچەکە ــ دابەزینی نرخی پارە و دەیان مژاری دیکە.

 

 

بەرهەمی سیاسەتە هەڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەردەمی سەرۆک کۆماری ئەحمەدی نەژاد بوو کە هەم گەلانی وڵاتی ئێران لە هەموو ڕوویەکەوە تەنگاو کردو گرژی وناکۆکی باڵ و ڕەوتەکانی ناو دەسەڵات وحکومەتی بەرەو زیادبوون برد، هەمیش سیاسەتی دەرەوەی دەسەڵات وحکومەتی لە جیهان و هەرێمەکە گۆشەگیر کرد. ناکۆکی باڵ و ڕەوتەکانی ناو کۆماری ئیسلامی لە دووهەمین دەورەی هەڵبژاردنی ئەحمەدی نەژاد گەیشتە هەرە ئاستی بەرز و لایەنی ڕیفۆرم خواز کە نوێنەرەکانیان مەهدی کەڕوبی و میرحوسینی موسەوی بوون بە تۆمەتی ئاژاوە گێڕی هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ لە زیندانن. گرژی و ناکۆکی وشڵەژانیک کە لە پێکهاتەی دەسەڵات هاتە ئاراوە و گەلی ئێران ڕاستی دەسەڵات و سیاسەتەکانی ڕژێمیان بۆ ڕوون بووەوە کە لە ئەنجامدا ناڕەزایەتی گەلی ئێران لە ساڵی ١٣٨٨ هەتاوی لێکەوتەوە. بەمەش کۆتایی پێنەهات و ڕژێم بۆ ئەوەی کە دەسەڵات و حکومەت لە ڕەوتی ڕیفۆرمخوازەکان بەرتەسک بکات وە لایەنی دەسەڵات بەلای ڕادیکاڵی ستاتۆ پارێزەکان بشکێنێتەوە، هەم لە ناوخۆی کۆمەڵگا و هەمیش لە ناو دەسەڵات دەستیان بە گرتن و زیندانی کردنی ئەندامان و لایەنگرانی ڕیفۆرم خواز کە بە تەڤگەری سەوز ناویان دەرکردبوو، کرد. هەڵبەت ئەم کردەوەی لایهنەکانی ستاتۆ پارێز بە گشتی نەیان توانی هەم لەناو سوپای پاسداران هەمیش ناوەندەکانی تری حوکومەتی وەکو پەرلـەمان ـ دەزگای داد و هێزە ئینتیزامی و هێزێکی ناوەندی دیکە وە لە هەمان کاتدا لە ناو لایەنگرانی خەڵکێک کە باوەڕیان بە ڕفۆرم خوازەکان هەیە، پێک بێت.

 

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە دوای سەرکوت کردنی ناڕەزایەتیەکانی ١٣٨٨ هەتاوی لە لایەن ڕژێمەوە هەتا ئەمرۆ هەم سیاسەتی ناوخۆو هەمیش سیاسەتی دەرەوەی ڕژێم لە لایەن باڵی توند ڕەوی نزیک خامەنەیی بەشێوازی تایبەت خراوەتە دەستی ئەو لایەنەوە، تەنانەت ئەگەر چاو لە ئاستی بەرپرسیارێتی ناوەندە گرنگەکانی دەسەڵات بکەین دەردەکەوێت کە هەم پەرلەمان، دەزگای دادوەری، بەرپرسیارێتی ناوەندەکانی سوپای پاسداران و ئەرتەش، ناوەندی دەنگ و ڕەنگی ڕژێم و هەروەها زۆرینەی ناوەندە ژێرخانە ئابووریەکان لە دەستی لایەنی ستاتۆ پارێزەکانەوە تا ڕادەیەک کەوتۆتە دەستی ئەو چینە تایبەتەی ناو دەسەڵاتی ڕژێمەوە. تەنانەت لایەنی ستاتۆ پارێز لە ناوخۆشەوە دەستی بە پەراوێزخستنی هەندێک کەس کە پێشتر لە لایەن خامنەییەوە بەڵێنیان پێدرابوو کردو وکراوه دەتوانین ئاماژە بە مەحمودی ئەحمەدی نەژاد وە ئەو چینەی هاوڕێی ناوبراو بکەین کە ئەم دواییانەدا لەسەر مژاری مانەوە لە دەسەڵات هەڵوێستی بەرهەڵستکارانەیان لە بەرامبەر بە خامەنەیی و بەرەی ڕادیکاڵی ستاتۆ پارێزی نزیک بە ویلایەتی فەقیە وەرگرتووە، وە ناڕەزایەتی ئەو چینەی نزیک بە ئەحمەدی نەژاد تەنانەت لە ناو بازنەی دەسەڵات و حکومەت ڕەنگدانەوەی تایبەت بە خۆی هێنایە ئاراوە.

 

 

لە ئێستاشدا ئەوە بوو ماوەی چەندین ڕۆژە ناڕەزایەتی گەلانی ئێران لە بەرامبەر بە ڕژێم دەستی پێکرد. دەبینین کە گەلی ئێران لە بەرامبەر بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی، تایبەت مژاری وەکو دەست نیشانکردنی مافی چارەنووسی سیاسی، کۆمەڵایەتی و خۆ ڕێوەبەری لە هەموو بوارێکەوە، وە مافی دادپەروەری و بەرابەری ئابووری، هەڵوێست لە بەرامبەر ئهو گەندەڵیه لە ناو پێکهاتەی دەسەڵات و حکومەت ناڕازین وە دەیانەوێت بەپێی بنەماو پێوەرەکانی دیموکراسیخوازی و ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک، داهاتووی سیاسی و کۆمەڵایەتی ژیانی خۆیان دەست نیشان بکەن. هەڵبەت ئێمە ناتوانین پێشبینی ئەنجامی ئەم ناڕەزایەتیانە بکەین، بەڵام ئەمە دیارە کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی باش دەزانێت ئەگەر گۆڕانکاری بنەڕەتی لە زیهنیەت و سیاسەتی لە بەرامبەر گەلان نەگۆرێت، لە مە زیاتر ناتوانێت درێژە بە دەسەڵاتداریهتی خۆی بدات. لە هەمان کاتدا گەلانی ئێرانیش ئیدی هەبوون و شەرعیەتی ڕژێمی ئێران کە لە بواری ئایدۆلۆژیکی و زیهنیەتیەوە که خواستوویەتی بەسەر ئەقڵیەتی گەلانی ئێراندا بسەپێنێت، قبوڵ ناکەن. لە ئەنجامدا لەوانەیە کۆماری ئیسلامی بتوانێت بۆ ماوەیەکی تری کورتخایەن بەم شێوەیە درێژە بە سیاسەتەکانی خۆی لە دژی گەلان بدات، بەڵام لە درێژخایەندا بەهۆی هۆشیاری گەلانی ئێران لە ئاستی سیاسیدا بۆ داهاتووی ژیانی خۆیان گۆڕانکاری پێویست بەپێی خواست و داخوازیەکانیان بە دیدەهێنن.