گەلی کورد ساڵانێکی دوور و درێژە لەژێر زوڵم و زۆرداری سیستەمی دەسەڵاتداری فارس، تورک و عەرەب دەچەوسێتەوە. کوردستان ٩٧ ساڵ پێش ئێستا لە پەیمانی لۆزان لە نێوان ٤ وڵاتی ئێران، تورکیا، سوریا و ئێراق دابەش بوو، لەو کاتەوە تا ئێستا تێکۆشانی گەلی کورد بۆ بەدەست هێنانی مافە ڕەواکانی ڕۆژبەڕۆژ گوڕتر بووە

هاوار کرماشان

سەربەخۆیی خەونی هەر کوردێکە و تەنانەت نەتەوەکانی دیکەش کە ئەو مێژووە پڕ لە کۆمەڵکوژی فیزیکی و کلتورییەی گەلی کورد دەناسن، ئەو مافە بە گەلی کورد دەدەن کە ببنە خاوەنی ئیرادەی تایبەتی خۆیان و سەربەخۆیی.

سەردەمێکە مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان خوازیاری بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانە لە عێراق کە بڕیارە لە ٢٥/٩/٢٠١٧ بەڕێوەبچێت. بابەتێک کە بۆتە هۆی ناکۆکی و هەڵوێستی جیاواز لە لایەن وڵاتانی هەرێمی و زلهێزەکانی جیهانی.

لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین سەبارەت بە بەربەستەکان و زیانەکانی سەربەخۆیی باشوری کوردستان شیکارییەکی کورت بکەین:

سەرەتا پێویستە بڵێین ڕیفراندۆم بۆ دیارکردنی چارەنوس مافێکی دیموکراتیکی سەرەتایی هەر گەلێکە و پێویستە ڕێز لە داخوازی گەلان بۆ ئازادی بگیرێت. سەبارەت بە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان ئەم پرسیارە دێتە پێش کە هەرێمی کوردستان دەیەوێت لە کێ سەربەخۆ ببێت؟ لە عێراق یان تورکیا و ئێران؟

سەربەخۆیی بە بارودۆخێک دەڵێن کە نەتەوە، وڵات یان سیستەمێک توانای خۆبەڕێوەبەری و بەدەستەوەگرتنی نیشتمانی خۆی هەبێت. ئەمە لە حاڵێکدایە کە باشوری کوردستان لە نێوان وڵاتانی داگیرکەری ئێران و تورکیا دابەش بووە. ئەو ناوچەیەی کە لەژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراقدایە لەژێر ڕکێفی ئیستخباراتی دەوڵەتی تورکیایە، بە شێوەیەک کە دەتوانین بڵێین بارزانی ڕۆڵی فەرمانداری پارێزگای هەولێری پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا(AKP) دەگێڕێت و لە دەیەکانی ڕابردوودا بۆ خزمەت بە دەوڵەتی تورکیا چەندین جار لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان(PKK)بەشەڕهاتووە و لە ئێستادا بارەگا سەربازییەکانی تورکیا لە هەولێر و دهۆک بوونەتە ناوەندی شەڕی تایبەت لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان و ناوچە ڕزگارکراوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەرەی تورکیا جێی گرتووە.

بارودۆخی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکیەتی نیشتمانی کوردستانیش باشتر نییە و لە ئەم ناوچانەدا هێزەکانی سوپای قودس و هەواڵگری ئێران دەستێکی بەهێزیان هەیە. تەنانەت هێزی ئیستخباراتی وڵاتانی عەرەبی، ئیسرائیل و وڵاتانی ڕۆژئاواییش لەم ناوچانە هاتوچۆ دەکەن، تا ڕادەیەک کە لە ئێستادا باشوری کوردستان وەک ناوەندێکی هەواڵگری هەموو جیهان دەناسرێت.

لە بواری ئابوریشەوە باشوری کوردستان تا ڕادەیەکی زۆر لە ژێر کاریگەری ئێران و تورکیادایە، ئەگەر چاوێک بە دوکان و بازاڕەکانی باشوردا بخشێنین ئاستی گرێدراوی هەرێمی کوردستان بە بەرهەمەکانی ئێرانی و تورکی دەبینین، تەنانەت کۆمپانیا ئابوری و خزمەتگوزارییەکانیش زۆرتر لە ئێران و تورکیاوە هاتوون. پرسیار ئەوەیە کە ئاخۆ بە بارودۆخی ئابوری ئێستای باشوری کوردستان و ئەو کاریگەرییەی کە ئێران و تورکیا هەیانە باس لە سەربەخۆیی گونجاوە؟ ئایا باشتر نییە کارگێڕانی هەرێمی کوردستان پێش هەموو شتێک ڕێگاچارەیەک بدۆزنەوە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵی، تاڵانی سەرچاوەکانی نەوت و گاز و بیر لە بەهێزکردنی ژێرخانی ئابوری بکەنەوە و ئەوکاتە باس لە سەربەخۆیی بکەن؟

لە بواری سیاسییەوە دەبینین کە دیموکراسی لە باشوری کوردستان پێشێل دەکرێت. پارلەمانی کوردستان کە نوێنەرایەتی گەل دەکات و ئەندامانی بە دەنگی ڕاستەوخۆی خەڵک هەڵدەبژێردرێن لە لایەن مەسعود بارزانییەوە داخراوە. بارزانی فەرمانی کۆڵینی خەندەقی لە نێوان باشور و ڕۆژئاوا دەدات و لە بواری ئابورییەوە گەمارۆ دەخاتە سەر بەشێکی کوردستان و تەنانەت لە ڕاوێژی نەتەوەیی کوردستان وەک دەستپێکی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بەشداری ناکات و بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ تورکیا خزمەتی دوژمنانی گەلی کورد دەکات.

لە لایەکی دیکەوە بۆ بەدەست هێنانی سەربەخۆیی پێویستە پاڵپشتی وڵاتانی جیهانی وەربگیرێت تا سەربەخۆیی بە فەرمی بناسرێت بەڵام ئەمە لەحاڵێکدایە کە ئامریکا و تورکیا وەک هاوپەیمانانی سەرەکی بارزانی پاڵپشتیان لە سەربەخۆیی کوردستان نەکردووە و تەنها ئیسرائیل لە گوتاردا پشتیوانی خۆی دەربڕیوە کە ئەوەش لە ئاستی نێونەتەوەییدا دەتوانێت کێشەی زۆر بەدوای خۆیدا بۆ کورد بهێنێت.

حیزبەکانی باشوری کوردستان بەتایبەتی پارتی دیموکرات باش دەزانن کە هەرێمی کوردستان بنەمای سیاسی و ئابوری بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی نییە. تەنانەت پرۆژەیەکی دیموکراتیک بۆ قۆناخی دوای ڕیفراندۆم لە ئارادا نییە و تەنها پرۆژەیان دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەیە کە هیچ پێوەندییەکی لەگەڵ دیموکراسی نییە. پێویستە ئەو ڕاستیە لەبیر نەکرێت کە بارزانی فێربووە هەرکاتێک بابەتی کۆتایی هاتنی دەسەڵات و ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم دێتە پێش باسی سەربەخۆیی کوردستان و وازهێنانی لە سەرۆکایەتی هەرێم پێش دەخات و تەنها دەیەوێت بەم شێوازە دیکتاتۆری و دەسەڵاتی خۆی بەسەر سەرچاوەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامی پێ بدات. سەربەخۆیی هەرێمی باشوری کوردستان لە عێراق و دامەزرانی دەوڵەتی باشوری کوردستان دەتوانێت ببێتە هۆی ناکۆکی دەوڵەتی بارزانی لەگەڵ پارتی و حیزبە کوردییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان لەبەر ئەوەی کە ئەو دەوڵەتە لەژێر کاریگەری و گوشاری قورسی ئێران و تورکیایە و لەسەر بنەمای دیکتاتۆری پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهاتووە.

بۆ سەربەخۆیی پێویستە ڕێکخراوەی دیموکراتیک بەهێز بکرێن و ئەوان بتوانن پرۆسەی سەربەخۆیی بەڕێوە ببەن نەک لایەنی دەرەکی و دیکتاتۆرانی حیزبی، بۆ ئەو مەبەستە پێویستە پارلەمانی باشوری کوردستان کارا بکرێتەوە و پێشی گەندەڵی بگیردرێت و بە کارکردن بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابوری وڵات ڕێگا بۆ سەربەخۆیی ئابوری خۆش بکرێت و گوشار و کاریگەری دوژمنانی کورد و کوردستان لەسەر باشور کەم بکرێتەوە. هەروەها هێزێکی پاراستنی نەتەوەیی جێگای هێزی پاراستنی حیزبی بگرێتەوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان پەرتەوازەیی تێپەڕ بکات و هەبوونی هێزی داگیرکەر لە خاکی باشور کۆتایی پێ بێت و بنەمای سەربەخۆیی دامەزرێت نەک ئەوەی کە وڵاتێکی کوردی تەنها لەسەر نەخشە بکێشرێت.