لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا شایەتی شەپۆلێکی نوێی دەستگیرکردن و توندکردنی ئاسایشی هەرچی زیاتری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووین. ئەم شەپۆلە دەستگیریە بەرفراوانەی چالاکان، لە هونەرمەندانەوە بگرە تا چالاکانی کۆمەڵایەتی، کرێکاری، سیاسی و ژینگەپارێزی گرتۆتە بەر...

لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا شایەتی شەپۆلێکی نوێی دەستگیرکردن و توندکردنی ئاسایشی هەرچی زیاتری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووین. ئەم شەپۆلە دەستگیریە بەرفراوانەی چالاکان، لە هونەرمەندانەوە بگرە تا چالاکانی کۆمەڵایەتی، کرێکاری، سیاسی و ژینگەپارێزی گرتۆتە بەر. ئەم جارەش هەروەکو مێژووی هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی، بە سود وەرگرتن لە کڵێشە باوەکانی وەک “پەیوەندی بە ڕەوەندە دژبەرەکانی ڕژێم و دژایەتی کردن لە گەڵ پرەنسیپەکانی کۆماری ئیسلامی” پڕۆژەی سەرکوت و سڕینەوەی چالاکانی مەدەنی کوردستان دەستی پێ کردووە. لێدوانەکانی ئەم دواییەی جێگری سیاسی-ئاسایشی پارێزگاری کوردستان لە بەستنەوەی پەیوەندی دەستگیرکراوان بە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاکەوە لە چوارچێوەی پڕۆژەی تۆمەتبارکردن و دەستگیرکردن و سەرکوت کردنیاندایە. بازنەی تەواوکردنی پڕۆژەی ئاماژە پێکراوی تۆمەتبار کردنی پژاک لە کوشتنی کۆسار فاتحی، شۆفێری ئامبوڵانسی مانگی سوری کامیارانە کە ڕۆژی ٢٠ تەمموز لە ڕووداوێکی تەقەکردندا گیانی لەدەست داو شایەتەکان باس لەوە دەکەن کە خودی دەزگاکانی ئیتلاعاتی و ئاسایشی ئێران دەستیان هەبووە لەم ڕووداوەدا. جێگری سیاسی-ئاسایشی پارێزگاری کوردستان لە لێدوانێکی درۆو دوور لە ڕاستی، بە ئاماژە بە هەندێ لێکۆڵینەوەو کۆکردنەوەی زانیاری بێ بنەما، کوشتنی شۆفێری مانگی سوری کامیارانی خستە ئەستۆی پژاک و چالاکانی دەستگیرکراویشی بە پشتیوانی کردن لەم کردەوەیە تۆمەتبار کردووە. ئەمە لەکاتێکدایە کە کەسانی دەستگیرکراو مەیدانی چالاکیەکانیان لە چوارچێوەی ڕێکخراوە مەدەنیەکان و ژینگەپارێزاندایەو بەتەواوی هاوتای یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەو هیچ پەیوەندیەکیان بە پژاکەوە نەبووەو نیە. پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، کردەوەی دژە مرۆیی و دژە کۆمەڵگایی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سیناریۆ کۆنەکانی هێزە ئاسایشیەکان، وەک هەوڵێکی بێ ئەنجام لە چوارچێوەی لەناوبردنی فەزای مەدەنی و پێشەنگەکانی دەنرخێنێت. لەسەر ئەم بنەمایە بانگ لە هەموو هێزە دیموکراتیکەکان، بیرە جیاوازەکان، چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوخۆو دەرەوەی ئێران دەکەین، لەبەرامبەر سیناریۆ ئاماژە پێکراوەکان و شەپۆلی نوێی دەستگیرکردن لە کوردستان و ئێران، هەڵوێست وەربگرن.

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک

١٣/١/٢٠١٩