پەروەردە، زانست و زانیاری؛ وشەگەلێکن کە لە پەیوەندییەکی بێ مەودا و نزیک بەیەکدان. بە پێی نەریتی باوی واتا و مەبەستی وشەش زانیاری گەیاندن بە تاکەکانە.
 واران کەلهۆڕ
پەروەردەی دەوڵەت، زانایی یان نەزانی؟
پەروەردە، زانست و زانیاری؛ وشەگەلێکن کە لە پەیوەندییەکی بێ مەودا و نزیک بەیەکدان. بە پێی نەریتی باوی واتا و مەبەستی وشەش زانیاری گەیاندن بە تاکەکانە. بەڵام، سیاسەتێک کە دەوڵەت لە دەزگاکانی پەروەردەی خۆیدا بەڕێوەی دەبات، چ زەبرگەلێک کە لە پەیکەرەی کۆمەڵگای دەدا، جێگای باسە. مەبەست سیاسەتی پەروەدەیە کە لەلایان دەولەتی مۆدێرنەوە بە مەبەستی یەک دەت کردن و هەمۆژن کردنی کۆمەلگایەکی فرە رنگ بە کاردێ. ئەم نووسینە بۆ ئەوەیە کە لەسەر ئەم بابەتە راوەستە بکەین.
سیاسەتی پەروەردە کە هەر لە سەردەمی منداڵیدا لە باخچەی ساوایان و دواتر لە مەکتەب و زانکۆ پەروەردە دەدرێت، نە تەنیا نابێتە هۆی خۆناسی، بەڵکو مرۆڤ تا ئاستێک نەزان دەکات کە لە کلتوور و زمانی دایکی دور دەکەوێتەوە. بەرەوپیر چوونی ئەم سیاسەتانە بە واتای رادەست بوون و کۆیلەتییەکی مسۆگەرە، ئەمەش بابەتێکە کە زۆر لەگەڵی رووبەڕوو دەبینەوە. پەروەردەگەلێک کە بۆ ئاشنایی لەگەڵ زمان و کلتووری دەوڵەت لەبەرامبەر بە لەدەستدانی زمان و کلتووری دایکی بە بنەما دادەندرێن؛ بۆ مەبەستی ئەوە بووە کە دەوڵەت هەمیشە بەدوای ئەوەوە بووە کە تاکێک ساز بکات کە خۆڕاگری خۆی لە بەرامبەر بەم سیاسەتانە لە دەست دابێت. تاکێک کە خۆڕاگری خۆی لەدەست دابێت، بە هاسانی بۆ رادەست بوون ئامادەیە! ئەم مەترسییە هەڕەشە لە گەنجانمان کە توێژی دینامیکی کۆمەڵگان دەکات؛ لەسەر ئەو بنەمایە گەنجانمان پێویستە بزانن کە سەرجەم سیاسەتەکانی دەوڵەت لە بەرامبەر ئەوان کە بەردەوام خۆراگڕییان بەهێز بووە، بەرێوە دەچێت. دەوڵەتی زاڵ بە جوان نیشان دانی کلتووری خۆی و بە بچوک زانینی کلتوورەکانی تر و نیشان دانی ئەوان وەکو کلتوورێکی بچوک؛ هەوڵی یەخسیر کردنی گەنجان لە ناو بازنەای کولتوری دەسەلاتی خۆیدا دەدات و بە پێی ئەو هەوڵی لەناو بردنی ئەوانی هەیە. 
دەوڵەت هەلومەرجێک تەرخان دەکات کە هەموو کەسەکانی کۆمەڵگا بە تایبەت ژنان و گەنجان وەکو خۆی لێبکات. لە لایەکەوە لە دۆخی پەسەند کردنی ئەم بارودۆخە، ئەو تاکە ناسنامەی کۆمەڵایەتی خۆی وەلاوە دەنێ و کەسایەتی خۆی بەگوێرەی کەسانێک دەگونجێنێت کە بیر و روحیان کوشتووە. بۆخۆیان ئیرادەیەکیان نابێت و زاتی خۆیان لەدەست دەدەن. ئەم کردەوەیە بۆ هەموو توێژەکانی کۆمەڵگا دەربازدارە و ئەمە واتا کۆمەڵکوژی... بە هەمان شێوە کە رێبەر ئاپۆ دەڵێن:" کۆمەڵکوژی کلتووری بە بەراورد لەگەڵ لەناو بردنی جەستەیی، شێوازێکی کۆمەڵکوژییە کە دڵتەزێن ترە و لە ماوەیەکی درێژخایەندا پێک دێت. ئاسەوارەکانی نەهامەت تر لە کۆمەڵکوژی جەستەییە." شایانی وتنە بزانین کە بەرنامە سووکەکانی دەوڵەت لە بەرامبەر بە گەلانی ئێران بە فۆڕمێکی بە تەواوەتی روون و ئاشکرا ئەنجام دەدرێت. 
هەڵبەتە چەندە دەوڵەت هەوڵی سووک کردنی جیاوازیەکانی ئێرانیشی هەبێ، گەلانی ئێران تا ئێستا توانیویانە زمان و کلتووری خۆیان بپارێزن. لە لایەکەوە سیاسەتەکانی دەوڵەت لەسەر گەنجان، منداڵان و ژنان زۆرە، لەم سۆنگەیەوە پێویستە گەنجان بزانن کە یەک دەست کردن و هاوچەشن کردنی جیاوازییەکانی کۆمەڵگایەک نە تەنیا کلتوور نییە، بەڵکو بێ کلتوورییەکی مەزنە. دایکان رۆڵێکی زۆریان لە زیندووڕاگرتنی کلتوور دا هەیە. لە کۆمەڵگای ئێستا دا منداڵان بە ناونووسین لە جێگاکانی پەروەردە بۆ فێربوونی زمانی بێگانە هان دەدرێن. ئەمە لە کاتێکدایە کە منداڵ هەر لە سەرەتاوە بە زمان و کلتووری خۆی گەورە بێت بە هاسانی ئاسمیلە(توانەوە) نابێت و دەست لە کلتووری خۆی هەڵناگرێت.
هەر ئەو دایک و گەنجانەن کە دەتوانن کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک بنیات بنێن. لە کۆمەڵگایەکی دیمۆکراتیک کە جیاوازی کلتووری و جیاوازییەکانی ئایینی، زمانی و ...هتد بە بنەما دادەندرێت؛ ئەم ژن و گەنجانە رۆلی پێشەنگیان دەبێت. لە کۆمەڵگادا هەر تاکێک، هەر ئایینێک،هەر کلتوور و بە پێی ئەو هەر ناسنامەیەک قوربانی یەک زمان، یەک ئایین، یەک کەسایەتی، یەک رێکخستن و ...هتد نابێت. پێویستە بزانین کە بە زمان دەبێ بژین و ناتوانرێت زمان لە تاک جیا بکرێت. لە کاتی لە دایک بوونەوە زمان لەگەڵ تاکە و دەربڕی هەست و نەستە. لەم سۆنگەیەوە نەبوونی زمانی دایکی بەواتای نەبوونی هەست، ئەندێشە و هەبوونی تاکە. لە لایەکەوە تاکێک کە زمانی دایکی خۆی لەبیر کردووە، کەسێکە کە هیچ هەستێکی بۆ زمان خۆی نییە. لە پێناوچارەسەرکردنی ئەم دۆخە نالەبارەدا هەمیشە هەنگاوی خۆرزگارکردن هەلگیراون، بەردەوام لە ژێر دژوارترین هەلومەرجدا چالاکیگەلێکی زۆر ئەنجام دراون. بەڵام، پێویستە کە  چالاکییەکان بەرفراوان تر وهەمەلایەنەتر بکرێت.