ئێستا سەردەمانێکی تەمەنم تێپەڕیووە و نۆستالۆژیای ڕۆژانی بەرگری لە کۆبانێ، لە ئەدگارما، هەر ڕۆژ لە بەرگێکدا خۆییم نیشان دەدات...

کاری شلێری
لەسەروەختی شەڕی کۆبانێ، ساڵێک دەبوو بەشی پزیشکیم تەواو کردبوو. بڕیارمدا بە هەر نرخێک بووە خۆم بگەیەنمە کۆبانێ.
لە کۆبانێ، یەکێک لەو کەسانەی لەسەردەمی زانکۆوە لێی دابڕا بووم و خەونم بە دیداری دووبارەیەوە دەبینی، بینیمەوە. بەڵێ، فەرهادم بینییەوە!


بەڵام ئێستا شەڕڤانە و سەرتاپای لە خۆڵ و ئارەق هەڵکشاوە. لەجێی جانتا پڕ لەکتێبەکەی جارانی، جانتایەکی پڕ لە فیشەک و بۆمبی دەستکردی لە شاندایەو دەست و مەچەکە پۆڵایینەکەشی وەکو مەعشوقەکەی تفەنگێکیان لە ئامێز گرتووە!

ئەو زۆر باش منی لە بیردا مابوو؛ ئایی... خۆ ئەوە فەرهادە! بینیەوەی چەندە ئەفسووناوی و گەردوونی بوو!
شەڕ بێوەستان بەردەوام بوو، ڕۆژ بەڕۆژ شەڕ سەختر و سەختر دەبوو. من لە بەشی دوواوە، لەگەڵ چەند هەڤاڵێکی دیکە، مژۆڵی تیمارکردنی بریندارەکانمان بووین. ڕۆژانە چەندین هەڤاڵی ئازیزمان دەچوونە بەرەی پێشەوەی جەنگ و ئیتر نەمان دەبینینەوە.
تا وای لێهات، بەرەی پێشەوە و دواوە نەماو مەیدانی شەڕ بوو بە یەک بەرە، چونکە ڕووبەرێکی زۆر کەممان بەدەستەوە مابوو، چواردەورمان گیرابوو.

لەو سەروەختەدا ئێوارەیەک لە تەنیشتی فەرماندە ئەبو لەیلا دانیشبووم، کە بەتەلەفۆن لەگەڵ کەناڵێکی ئاسمانیدا قسەی دەکرد و دلێرانە دیکوت: "کۆبانێ نەکەوتووە و خۆڕاگرە، چۆڵی ناکەین، مەگەر لاشەی بێگیانمان ببەنە دەرەوە."
ئەو دوو ڕۆژە، شەهید و بریندارێکی یەکجار زۆرمان بوو؛ دەرمان و کەلووپەلی پزیشکیمان، خەریک بوو کۆتایی دەهات. داخۆ ڕۆژێک هونەری سینەمای کوردی بتوانێت ئەو ڕۆژانە وەکوو خۆی وێنا بکات؟!

ئەبولەیلا هاتە تەنیشتی و ناوچاوان و دەستەکانی ماچکرد و مشتێک خۆڵی هەڵگرت و کوتی: ئەم نیشتیمانە؛ ئەم خاکە؛ ئەم شۆڕشە؛ مرۆڤی ئاوا مەزنی تێدایە، بۆیە زۆر دڵنیام کە هەر سەردەکەوین.
تاریک و لێڵی بەیانی بوو، هەڤاڵ فەرهاد داوای لێکردم، کە بەیادی سەردەمی زانکۆوە گۆرانی "ڕۆژی جەژنە چاوەکانم موسیمی ئازادییە"ی سەید عەلی ئەسغەری بۆ بڵێم. منیش بە قوڕگی نووساوەوە، لەبەر دڵی ئەو دەستم بە گۆرانی گوتن کرد.

تاوێکی پێچوو، دەستی بەرزکردەوە و ئاماژەی بۆ شوێنێک کرد و کوتی: هەڤاڵ؛ تەماشا، ئەها خەریکە خۆرهەڵدێت.
سەیری دوورم کرد، تیشکی خۆر تازە سەری هەڵدەهێنا. هەناسەیەکم هەڵکێشا و کوتم: بەڵێ، بەمزوانە تیشکی خۆری ئازادیش هەڵدێت.
کاتێک سەرم دانەواند و سەیری هەڤاڵ فەرهادم کردەوە، ملی لار ببوەوە و گیانی دەرچوو بوو!
لەو کاتەدا فەرماندە ئەبوو لەیلا هات و لەدوورەوە هاواری کرد و کوتی: مزگێنی هەڤاڵان، فڕۆکەی جەنگی لە ئاسمانەوە دێن بۆ یارمەتیدانمان و دەرمانیش لەگەڵ خۆیاندا دەهێنن. هەڤاڵ فەرهاد ئیدی تۆش نابێت چارەسەرکردن ڕەتبکەیتەوە و خەمی کەمی دەرمانت بێت."
بەڵام کاتێک نزیک بوویەوە و تماشای کرد، ئیدی هەڤاڵ فەرهاد شەهید بووە. ئەبولەیلا کەوتە سەرئەژنۆ، باوەشی بە لاشەکەیدا کرد و سەری ماچکرد. کوتی: "هەڤاڵ فەرهاد؛ بەڵێن بێت ئەگەر شەڕ نەما و جلی شەڕمان داکەند؛ تاکوو تەنها کەمێک قەرەبووی ئەو گەورەییەت بکەینەوە، پەیکەرێکت لە ناوەڕاستی کۆبانێ بۆ چاک دەکەین و بەدەستی خۆشم دایدەنێم! ئەگەریش بە ئازادی چوومە شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی وڵات، گڵەوردەکەی ماچ دەکەم، چونکە مرۆڤی گەورە و قارەمانی وەکوو تۆی بەرهەم هێناوە!"