تێڕوانینی ستراتژیکی کۆدار سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ئیران

لەکاتێکدا نزیک دەبینەوە لە هەڵبژاردنی سەرۆک  کۆماری و هەڵبژاردنی ئەنجومەنەکانی شار و گوندەکان لە ئێران، کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەک لە هەستیارترین دۆخەکانی تێپەڕ دەکات. خاڵی ناوەندی قەیران، خۆڕاگری لەبەرامبەر گۆڕانکارییەکان و پێداگریە لەسەر بەردەوامبوون لەو ڕەوتانەی وا بە ئاشکرا دژی ئازادی، دیموکراسی و یەکسانی دەوەستنەوە. لەم نێوانەدا، ئەو هێز و لایەنانەی کە لەبەرامبەر تێپەڕبوون بەرەو دیموکراسی خۆڕاگری نەرێنی دەکەن، زیاتر لە جاران دەبنە ئامانجی دەستێوەردانە دەرەکییەکان و نەک تەنیا وەکو ساڕێژێک بۆ برینە قووڵەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەقەڵەم نادرێن، بەڵکو لە ناویاندا برین و قەیرانی دیکەش دەڕوێن.

 

خێرابوونی پرۆسەی لەناوچوونی داعش لە سوریا و عێراق، هاتنە سەر کاری دۆناڵد ترامپ لە ئەمریکا، هەست بە مەترسیکردنی وڵاتانی عەرەبی و ئیسراییل بەرامبەر بە دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکەدا، ئەگەری بەدیهاتنی ئەمە زیاتر دەکات، کە ئێران یەکێک بێت لە خاڵە ناوەندییەکانی ڕوودانی قەیران و گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا. لەم نێوانەدا ئەوەی ئەگەری ڕوودانی دەستێوەردانە دەرەکییەکان زیاتر دەکات، کەلێنە سیاسییەکان و بێ چارەسەرمانەوەی پرسە حقوقییەکانە لە کۆمەڵگای ئێراندایە. عەقڵییەتێک کە پێی وابێت بێ تێپەڕکردنی پرۆسەی بەدیموکراسیبوون و تەنیا بە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانییەوە دەتوانێت بەردەوامبێت لەسەر ڕەوتی هەنووکەیی و گواستنەوەی پرس و قەیرانەکان بەو دیوی سنوورەکانی خۆی، زیاتر لە هەمووان دەکەوێتە ژێر فشارەوە. تاوەکو ئێستا، عەقڵییەتی کۆماری ئیسلامی لەسەر ئەم بنەمایە دامەزراوە، کە بەبێ ئامادەکردنی بناغەکانی دیموکراسی لەناوخۆی ئێراندا ببێتە دەسەڵاتێک لەناوچەکەدا. ئاشکرایە ئەم ئارەزووە بۆ "پەرەپێدانی مەیدانەکانی دزەکردن لە دەرەوەی ئێران" بەبێ هەوڵدان بۆ “پەرەپێدان بە دیموکراسی و یەکسانی لە ناوخۆی وڵات”دا دۆخێکی ئاڵۆز و مەترسیدار دروستدەکات.

 

کۆماری ئیسلامی کە بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ لە بواری سیاسی و سەربازییەوە لە سوریادا ڕۆڵدەگێڕێت، پێویستە زیاتر لە هێزەکانی دیکەی ناوچەکە تەرکیز بکاتە سەر “دەستەبەرکردنی داخوازییەکانی هاوڵاتییان”، “تاکەڕەوییە سیاسییەکان” و “موهەندیسی کردنی کۆمەڵگا لە ڕێگای میکانیزمە ئەمنی و سەربازی و پرۆپاگەندەکانیەوە”، جگە لەم تێگەیشتنانە، دەتوانین چ خوێندنەوەیەکی دیکەمان هەبێت لەبارەی دۆخی کارەساتباری سوریاوە؟ بە دڵنیایەوە گرنترین خوێندنەوەیەک کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەتوانن بۆ “قەیرانی سوریا” هەیانبێت، پێویستی چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی سوریایە بەبێ وەستان و بەبێ لەناوبردنی دەرفەتەکان. دەستەبەرکردنی داخوازییە سیاسی و حقوقییەکانی گەلانی ئێران و بەتایبەتی گەلی کورد شەرعییەت دەدا بە هەموو ئەو تێکۆشانانەی لە هێزی دەسەڵاتی ناوەندی کەم بکەنەوە و کێش و کاریگەری هێزە مەشروعەکانی خەڵک زیاتر بکەنەوە. بە لانی کەمەوە هەموو هەوڵدانێک بۆ “کرانەوەیەکی دیموکراتیک” گرینگ لەقەڵەم دەدرێت و ئەمەش بە بێ بەڕەوا زانینی مافەکانی گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد و مافەکانی ژنان و کەمینە ئایینییەکان هیچ واتایەکی نابێت.

 

کارنامەی لاوازی دەوڵەتی ڕۆحانی لە بواری سیاسی و مەدەنی و بەتایبەت بەدی نەبوونی بەڵێنەکانی لەبارەی ئازادی “نەتەوەکان و کەمینە ئایینییەکان” بە ئاشکرا پیشانی دەدات، کە گواستنەوەی دەسەڵات لە دەوڵەتێکەوە بۆ دەوڵەتێکی دیکە، خۆی بەتەنیایی دۆخەکە باشتر ناکات و هیچ لە چارەنووسی هاوڵاتییانی ئێران و گەلی کورد ناگۆڕێت. بۆ گەیشتن بە دیموکراسی، پێویستە لەلایەکەوە عەقڵییەتە تۆتالیتارەکان بگۆڕدرێن و لەلایەکی دیکەشەوە بنەماکانی دەسەڵات لە ئێران ببنە هاودەنگ و هاوتەریبی هێزە گۆڕانخوازەکان. بۆیە هێشتا سیاسەت لە ئێراندا لە پارادۆکسێکی بنەمایی ئازار دەچێژێت و ئەویش بریتییە لەمە، کە ئەگەر سەرۆکی دەوڵەت هاودەنگی چوارچێوەی فکری دەسەڵاتداری ئێران نەبێت، کۆنتڕۆڵ دەکرێت یان ئەوەی لەناو دەبرێت و ئەگەریش لەگەڵ دەسەڵاتێک ببێتە هاوتەریب کە هیچ حەزێکی بۆ گۆڕانکاری تێدا نییە، لە “خزمەتگوزارێک” زیاتر چاوەڕوانی هیچی لێ ناکرێت.

 

لەلایەکی دیکەوە ڕەوتە ئابورییەکانی دەوڵەت و حکومەت و بێ تواناییان بۆ باشترکردنەوەی دۆخی ژیانی هاوڵاتییان سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن، کە تەنانەت گۆڕانکاری لە دۆخی کارەساتباری ئابوری ژیانی خەڵکدا بەبێ پەرەپێدان بە دیموکراسی و ئازادی بەدیناکرێت. وێڕای ئەمانە ئەزموونی وڵاتانی دراوسێی وەکو تورکیا بەباشی دەیسەلمێنن، کە پەرەپێدانی ئابوری بەبێ پەرەپێدانی دیموکراتی تا چ ڕادەیەک کاتی و لاواز و هەڵخەڵەتێنەرە.

 

کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆدار لە بواری ئەخلاقی و تیۆرییەوە، بەدیموکراسیبوونی سیاسەت لە ئێران و بەڕەوازانینی مافی گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد بە گونجاوترین ڕێگا دەزانێت و پێی وایە ئەم ڕێگایە زۆر باجی کەمترە لە ڕێگای دەست تێوەردانی دەرەکی و سیاسەتی “بزە بۆ دەرەوەی وڵات و بۆکسی ئاسنیش بۆ ناوخۆی وڵات”. ئاشکرایە کە ئەگەر ئەم عەقڵییەتە تەنیا تایبەت بێت بە هێزە گۆڕانخوازەکان و دزە نەکاتە ناو ئاستە بەرز و جیاوازەکانی دەسەڵات لە ئێراندا، باجەکان قورستر دەبنەوە و کەلێنە کۆمەڵگاییەکانی بەرفراوانتر دەبنەوە. لەم ڕوانگەیەوە دەکرێت بڵێین، کە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆک کۆماری ئێران، چۆنییەتی دۆخی داهاتووی ئێران ئاشکرا دەکاتەوە ڕوونی دەکاتەوە، کە ئایا دەسەڵات لە ئێران دەیەوێت “دۆخی هەنووکەیی خۆی” ڕابگرێت یان ڕووبکاتە “گۆڕانکارییەکی دیموکراتیک”.

 

کۆدار لەم نێوانەدا وەکو پێشەنگی بەرەوپێش بردنی “هێڵی سێیەم” ڕۆڵدەگێڕێت. هێزێک کە نە بەردەوامبوونی دۆخی هەنوکەیی تەحەمول دەکات و نە دەست تێوەردانی دەرەکیش بە چارەسەر دەزانێت. نە شێوازە دەسەڵاتخوازانە و تۆتالیتارییەکانی موحافزەکارەکان بە عەقڵانی دەزانێت و نە لەتەک ڕێگا چارەسەرییە ساویلکانەکانی هێزە ریفۆرمخوازەکانە. زهنییەت، ستراتژی و بەرنامەی کاری کۆدار بۆ گەیشتن بە دۆخێکی دیموکراتیک زۆر جیاوازە لە ڕوانگەی ڕیفۆرمخوازەکانی ناوخۆی ئێران. کۆدار لە بواری ستراتژییەوە بەدیکردنی مۆدێلی “خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە چوارچێوەی ئێران” و بونیاتنانی نەتەوەی دیموکراتی بە بنەما دادەنێت. ئەم زهنییەتەش زۆر دوورە لە ڕوانگە تۆتالیتارەکان و نەتەوەپەرستانەکان و ئایینگەراکان. کۆدار هاوکات بەشداربوونی هەموو توێژ و چینە جیاوازە کۆمەڵایەتییەکان، ئەتنیکییەکان، ئایینییەکان و ژنان لە بواری سیاسەت و بڕیاردان بە پێویست دەزانێت.

 

ئەو ڕوانگەیەی کۆدار بەرگری لێدەکات، بەپێچەوانەی عەقڵییەتی موحافزەکارەکان، ڕیفۆرمخوازەکان و میانەڕەوەکان لە جیاتی ئەوەی لە سەر پرسیاری “بەشی من چەندەیە لە دەسەڵات” دابمەزرێت، لەسەر بنەمای ئەم پرسیارە دامەزراوە:”بەشی کۆمەڵگا، بەشی گەلان، بەشی ژنان و بەشی ئایینە جیاوازەکان لە مافەکانی ئازادی چەندەیە؟”. کۆدار لە جیاتی ئەوەی نیگەرانی بەشداری لە دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری بێت، بیر لە بەشداری هەموو چینە جیاوازەکان و هەموو هێزە پەراوێزخراوەکان و هەروەها بەشدارکردنی ئەو هێزانە لەناو دیموکراسییەکی ڕادیکاڵ دەکاتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆربەی هێزە چالاکەکانی پەیوەندیداربەهەڵبژاردن وا بیر ناکەنەوە و ڕێک هاوچەشنی هێزە تۆتالیتارەکان و دەسەڵاتخوازەکان قەت بیر لە دابەشکردنی عادلانەی دەسەڵات و سەروەت لەناو هەموواندا بە ڕەچاوکردنی یەکسانی حقوقی، سیاسی و ئایینی ناکەنەوە، هیچ باوەڕێکیان بە “خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک” و “ناناوەندیکردنی سیستمی دەسەڵات” نییە و ڕێگاچارەسەرییەکانیان بۆ گەیشتن بە ئازادی ساویلکانەیە.

 

پێوەری کۆدار بۆ ڕاگەیاندنی کۆتا هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری گرێدراوی ڕوانگەی هێزەکانی بەشداری هەڵبژاردنەکە و “ڕوانگەی دەسەڵات بۆ چارەسەرییەکی دیموکراتیک”ە. بە پێی ئەمەش بەشداریکردنی بێ شەرت و مەرج یان بایکۆتی پێشوەختی هەڵبژاردنەکە لە ڕوانگەی کۆدارەوە مەنتقیترین ڕێگا نییە. ئاشکرایە، کە هەم کۆدار و هەم هێزە گۆڕانخوازەکان لە ئەگەری بەردەوامبوونی دەسەڵات لە ڕەتکردنەوەی گۆڕان لە سیستمی هەنوکەیی دەسەڵاتدا، نابنە بەشێک لەو پرۆسە دژە دیموکراتییە. بەپێچەوانەوە، ئەگەر دەسەڵات و هێزەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنەکەدا بە زهنییەتێکی دروستەوە هەنگاو بنێن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرییەکی دیموکراتی و ئامادەبن ئەرکەکانیان بۆ بەدیموکراتیکردنی سیاسەت و حقوق بەجێبێنن، هەم کۆدار و هەم هێزە گۆڕانخوازەکانی دیکە بەرپرسیارێتییەکانی خۆیان بەجێ دێنن.

 

بۆیەش پێمانوایە، کە پێویستە دەسەڵاتی ئێران، ئیرادەی خۆی بۆ هەنگاونان لە ڕێگای “گۆڕانکارییەکی گەورە” پیشان بدات، بۆ ئەوەی کارەساتە گەوەرەکە ڕوونەدات. ئاشکرایە، کە ئەگەر گۆڕانێکی لەم چەشنە ئەگەری ڕوودانی هەبێت، پێویستە تۆوەکەی هەر ئێستا بەدیبکرێت و خۆی لە ئێستاوە نیشان بدات.

 

کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆدار بە جەختکردنەوە لەسەر ستراتژی “هێڵی سێیەم” داوا لە هێزەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنەکە و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات، کە لەم دۆخە هەستیار و مێژووییەدا، لەجیاتی “بەڕێووەبەری قەیران و موهەندسیکردنی سیاسی و ئەمنی کۆمەڵگا" کە کۆمەڵگا بەرەو کارەساتێکی گەورە هاندەدەن، پرۆسەی “چارەسەری دیموکراتی قەیران” و گوتارە “دیسکۆرسە” پەیوەندیدارەکان بە چارەسەرییەکی دیموکراتی و ڕیشەیی بە بنەما بگرن. لەم بارەیەشدا، کۆدار لە داهاتوویەکی نزیکدا نەخشەڕێگا و داخوازییە دیموکراتیکەکانی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئێران ئامادە دەکات و بڵاویان دەکاتەوە. ئاشکرایە کە کۆتا هەڵوێستی کۆدار و ژمارەیەکی زۆری دیکە لە هێزە گۆڕانخوازەکان بۆ ڕاگەیاندنی داخوازییەکانیان، پەیوەندی هەیە بە ئامادەیی زهنی سیستمی دەسەڵات و هێزەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنەکەدا.

 

 

کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆدار

١١ی خاکەلێوەی ٢٧١٧ کوردی

٣١ی مارسی ٢٠١٧ی زایینی