پێوەری دیموکراسی لە هەر کۆمەڵگایەک، گرێدراوی ئاستی یەکسانی و ئازادێکانی ئەو کۆمەڵگایە. بە گوتنێکی تر، چەندە کۆمەڵگا ئازاد و یەکسان ژیان بکات ئەوەندەش دیموکراسی دەستەبەر دەبێت. کۆماری ئیسلامی ئیران لەو حکومەتانەیە کە هەمیشە باس لە ئازادی و دیموکراسی دەکات. لەحالێکدا ئەگەر تەنیا سەنگی مەحەکی ئیمە لەسەر ئەو مژارە دۆخی زیندانیانی سیاسی ئەو حکومەتە بێت ئەوە دەرئەکەوێت چەندە ئەو کۆمارە خاوەن ئازادی و دیموکراسیە.

لە وڵاتێک کە تەنانەت جەسارەتی پێناسەکردنی تاوانی سیاسی و زیندانی سیاسی لە ناو یاساکاندا بوونی نیە چۆن دەکرێت باس لە مافی رادەڕبرێن و ئازادیەکان بکرێت. کۆماری ئیسلامی ئیران بە درێژایی ٣٨ ساڵ تەمەنی پڕ تاوانی خۆی، بەردەوام گوشاری خستۆتە سەر کۆمەڵگاو لەگەڵ ئەوەش مرۆڤ گەلێک کە بۆ دیموکڕاسی و ژیانێکی یەکسان تێکۆشانیان کردووە وەک تاوانبار و دژ بە ئاسایشی نەتەوی خۆی ڕەوانەی بەندیخانەکان دەکات.

پێویستە بگوترێت زیندانی سیاسی هەر وڵاتێک، خاوەن جێگە و پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیە چونکە بۆ دەستەبەر کردنی فکر و فەلسەفەیەک تێکۆشان دەکات کە مەترسی سەر دەسەڵاتداران و چینی سەردەست ساز دەکات. حەیف و مەخابن لەو کۆمارە دەپڵۆسێنەرەدا، زیندانی سیاسی نەک هیچ مافێکی ژیانی، تەندروستی و کۆمەڵایەتی نیە بەڵکوو وەک زیندانی سیاسیش پیناسە ناکرێت. بۆیە کاربەدەستانی دەرەوەی ئیران بەردەوام لە گەشتەکانی دەرەوەیان بۆ فریو و چەواشەکردنی ڕای گشتی دەبێژن "لە ئیران زیندانی سیاسی بوونی نیە". ئەمە درۆیەکی ئاشکرایەو زوڵمێکی هەمەڕەهەندە سەر زیندانیانی سیاسی.

لەو چوارچێوەیەداو بە درێژایی ئەم چەند ساڵە، گوشارەکان بەردەوام لەسەر زیندانیانی سیاسی ڕووی لە زیادبوون کردووە. ئه‌وه‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژه‌ كه له‌‌ زیندانی ڕه‌جایی شاری كه‌ره‌ج هه‌ژمارێك له‌ به‌ندكراوانی سیاسی كورد و ئیرانی به‌ نیشانه‌ی زه‌خت و زۆریه‌كانی كاربه‌ده‌ستانی زیندان ده‌ستیان به‌ مانگرتن له‌ خواردن كردووه. بۆ کەس شاراوە نیە ئامانج لەو زەخت و پێشێلکاریانە، بێ ئیرادە کردن و تەسلیم وەرگرتنی ویست و داخوازی ڕەواکانی ئەوانە. رژیم تەنانەت بە ماڵبات و خزم و کەسانی زیندانیش رەحم ناکات و بەوەش دەخوازێت شەڕێکی تایبەت دژی خۆڕاگری و ئیرادەی ئازادی بەندکراوانی سیاسی بەڕێوە ببات.

لە لایەکی تر سرنجراکێش ئەوەیە هەر کردوەیەک کە رژیمی ئا کە پە و کۆماری تورکیە لە دژی زیندانیانی سیاسی بەرێوەی دەبات بە هەمان شێوە کۆماری ئیسلامی ئیرانیش لەسەر ئەو شۆپە دەچێت. دەوڵەتی ئەردۆغان بۆ یەکدەست کردنی بەندکراوان شەری دەرونی بەڕێوە دەبات و بە لەبەرکردنی جلی داعش دەخوازێت ئەوان ڕەش بکات. دەوڵەتی ڕوحانیش بە ئەشکەنجە کردنی زیندانیان ئەوان ناچار دەکات بەشداری شانۆی تلویزیۆنی بن و دان بە کردەوەیەک بنێن کە نەیانکردووە. دەتوانین بڵەین هەر دوو کۆمار لە دیکتاتۆری و پێشێل کردنی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ لە رکابەریەکی بێ وێنە دان.

هەر بۆیە لە قۆناخێک کە گەلی کوردستان بە تایبەت لە رۆژئاوا بەرەو سیستەمێکی دیموکڕاتیک دەچێت، زیادبوونی زەخت و گوشارەکان سەر زیندانیانی سیاسی کورد و ئیرانی بێ واتە نیە. پێشتر سەرۆک کۆمار روحانی باسی جارنامەی ماڤی هاووڵاتی کردبوو بەڵام نەک مافی هاووڵاتیان بەدی نەهات بەڵکوو بە پێی ئاماری رێکخراوەکانی جیهانی مافی مرۆڤ، تەنیا لە یەک ساڵدا ٦٢٥ کەس لە زیندانەکانی ئیران لە سێدارە دراون. بەمەش روحانی و دەوڵەتەکەی وەک هاوپیشەکانی خۆی سەڵماندی هیچ پەیوەندیەکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی لەتەک ئەو دەنگدەرانەی کە متمانەیان بۆ گۆڕانکاری دیموکراتیک لە ئیران پێکردبووە نەماوە. ئامانجی روحانی درێژەپێدان بە تەمەنی رژیمی ولایەتی فەقێ و خەڵاتەکەشی بۆ گەلانی ئیران و نەتەوەی کورد، بێکاری گەنجان، بارودۆخی ناڵەباری ئابوری، گرتن و بەند کردنی ئازادیخوازان و میلیتاریزە کردنی شار و گونەکان و سووتاندنی جەنگەڵ و دارستانەکانی کوردستانە.

لێرەدایە کە وەک کۆدار، بانگ لە کەسانی ئازادیخوازو دیموکڕات و رێکخراوە مەدەنیەکان دەکەین لەهەمبەر پێشێل کردنی مافی زیندانیانی سیاسی ناڕەزایەتی دەربڕن و خاوەنداریەتی لە تێکۆشەرانی خۆیان بکەن. دەبێت هێزە جیهانیەکان و دام و دەزگاکانی مافی مرۆڤ ئیتر سنورەکانی قسە و لێدوان بشکێنن. لەمەوبەدواوە پێویستە ئەم پەیامە بە کاربەدەستانی رژیمی ئیسلامی ئیران بدرێت کە هیچ پێشێل کاری و بێ حقوقیەک دژ بە دۆخی مەترسیداری زیندانیانی سیاسی بێ وڵام نامێنێتەوە. حکومەتی ئیرانیش گەرەک ویست و داخوازی بەندکراوانی سیاسی بە زووترین کات جێبەجێ بکات لەبەر ئەوەیکە چارەسەر نەکردنی دۆخی زیندانیانی سیاسی، تێپەڕاندنی هێڵی سوری کۆمەڵگایە و مایەی قەبوڵ کردن نیە.

کۆمەڵگای دیموکڕاتی و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان "کۆدار"

٢٢ی ئەگۆستی ٢٠١٧ی زایینی