گەلی کورد ساڵانێکە بە تێکۆشان و بەرخۆدانی بێ وێنەی خۆی لە چوارچێوەی دیاری کردنی چارەنوس و داهاتووی خۆیدا توانیویەتی بەرەو پێشەوە هەنگاو هەڵبگرێ. بەڕێوەبەری ئەم تێکۆشانەش عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کوردو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوینە، کەهەتا ئەمرۆ پێشەنگایەتی ئەم تێکۆشانە بێ وێنەیە دەکات. نەیارانی گەلی کورد لە ڕۆژی یەکەمی تێکۆشانەوە هەتا ڕۆژگاری ئەمرۆ، ڕێبەر ئاپۆ و بزاڤی ئازادیخوازی گەلی کوردیان کردۆتە ئامانج و بەردەوامیش هێرشیان کردۆتە سەر . ئەم هێرشانە سەرەتا بە دەستگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆ لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ لە وڵاتی کنیا و گەڕاندنەوەی بۆ تورکیا چووە قۆناغێکی نوێوەو لەمڕۆشدا بە گۆشەگیریەکی دژوار بۆسەر سەرۆک ئاپۆو هەڕەشە لە پێشەنگانی بزاڤی ئاپۆیی پێی ناوەتە قۆناغێکی هەستیارو مەترسیدار. دووژمنانی گەلی کورد دوای ڕفاندنی سەرۆک ئاپۆ لە پیلانگێڕیەکی نێودەوڵەتی دا، هەوڵی لە ناوبردنی جەستەیی سەرۆک ئاپۆ یان داو تێیدا سەرکەوتوو نەبوون، هەر بۆیەش بە دامەزراندنی سیستەمی نامرۆڤانەی گرتوخانەی ئیمڕاڵی ویستیان نەخشە داڕێژراوەکانی پێشوویان پیادە بکەن. دەوڵەتی تورکیا و ئەو دەوڵەتانەی کە بە سەر وڵاتەکەماندا زاڵن و ئەو هێزە نێودەوڵەتیانەی کە لەم پیلانگێڕیەدا بەشدار بوون، بە دەستپێکی قۆناغی ئیمراڵی، دەستیان بە داڕشتن و جێبەجێ کردنی نەخشەی نوێ بەرامبەر بە گەلی کورد کردو ویستیان کە ئەم گەلە بەتەواوی لەناو بەرن و لەسەر شانۆی ڕۆژگار بیسڕنەوە. لەم چوارچێوەیەشدا بە شێوازی جۆراوجۆری وەک زیندان، ئەشکەنجە، کۆمەڵکوژی و تواندنەوە، لە هەوڵی دروستکردنی جەوێکی پڕ لە ترس دا بوون کە ئامانجیان خنکاندنی دەنگی ئازادیخوازی گەلی کورد بوو.

لە ئێستادا سیستەمی سەرمایەداری جیهانی بە هاوکاری وڵاتانی ستاتۆپارێزی ناوچەکە و لەگەڵ هەندێک لە لایەن وحیزبی وابەستە، قۆناغێکی نوێیان بۆ دژایەتی کردنی کوردی ئازادیخوازو دۆستانیان دەست پێکردووە. هاوکاتیش دەوڵەتی تورکیا هەموو بەشەکانی کوردستانی کردۆتە ئامانجی هێرشەکانی. ئەو هێرشانەی کە بە هاوکاری هەندێک لایەن و پارتی هەرێمیەوە دەستی پێکردووە تێپەری قۆناغێکی مەترسیدار بووە. دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاری دەوڵەتانی دیکەی ناوچەکە و بە پاڵپشتی هێزە نێودەوڵەتیەکان هێرشی کوردستان دەکات، ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کە دوژمنایەتیەکی بەر فراوان و مەترسیدار لە دژی گەلی کورد لە ناوچەکدا لە ئارادایە. دوژمنانی گەلی کورد هەوڵی ئەوە دەدەن کە بە گوشار و فشار، سیاسەتی دەستدرێژکارانەی خۆیان بەسەر گەلی کورد-دا بسەپێنن. بەڵام هەڵوێستی گەلی کورد نیشاندەری ئەو ڕاستیەیە کە گەلەکەمان لە بەرامبەر ئەم بابەتانەدا هوشیارن، ئەمەش زانابوونێکی قووڵە کە  بەرخۆدانێکی فیداکارانە لەلایەن ئەوانەوە مسۆگەر دەکات. لە ئێستادا بابەتی هەرە گرنگ بۆگەلی کورد، ڕاوەستانە لە بەرامبەر هێرشی دوژمندا، لەسەرووی هەموویانەوە هەوڵدان بۆ شکاندنی گۆشەگیری و گەیشتن بە ئازادی ڕێبەر ئاپۆیە. زیندانی ئیمڕاڵی مۆدێلێکە کە بۆ سەرانسەری کوردستان گیراوەتە بەر. ئەو سیاسەتەی کە لە ئیمڕاڵی بەڕێوەدەچێت، هەمان ئەو سیاسەتەیە کە ئەمرۆ لە کوردستاندا بەشێوازێکی جیاوازتر بەڕێوە دەچێت. زیاتر لە بیست ساڵە سەرەڕای نیەت پاکی سەرۆک ئاپۆ سەبارەت بە چارەسەری کێشەی کورد بە شێوازێکی دیموکراتیک، دوژمنانی گەلی کورد ئەوەیان وەک لاوازی تەڤگەری گەلی کورد لێک داوەتەوە و وەک هەلێک قۆستوویانەتەوە بۆ ڕەواکردنی سیاسەتەکانیان بەسەر گەلی کوردا .

لە لایەکی دیکەوە ناڕەزایەتی گەلانی ئێران دژی سیاسەتەکان و هەڵسوکەوتی دژە مرۆڤانەی حکومەتی کۆماری ئیسلامی، کە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگای خستۆتە ژێر فشارەوە، ڕوانگەی حوکمەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دژی ناڕەزایەتیەکان و ڕەخنەگرانی ئێستا، نیشاندەری قەیرانی قوڵی زهنیەتی سیستەمە، کە ئیرادەی چارەسەری بۆ کێشە و قەیرانەکانی خۆی نیە. لەم سۆنگەیەوە ئێمە وەک کۆمیتەی سەرهەڵدانی گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان قۆناخی چالاکی هەمەلایانە و نوێ، لە چوارچێوەی هوشیار کردنەوە دا دەست پێدەکەین، هەر بۆیە بانگەوازی لە تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەکەین کە لە چوارچێوەی تێکۆشان بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان و پشتیوانی لەسەرهەڵدانی گەلانی ئێران لەهەموو بەشەکانی ئێراندا بەو پەڕێ هێزی خۆیانە بەشداری چالاکانە لەم قۆناغەدا بکەن. ئەم قۆناخە بە دروشمی "ئیدی بەسە"  لە دژی فاشیزمی دەوڵەتی و پوچەڵکردنەوەی گۆشەگیری سەپێنراوی سەر ئۆجەلان و تیکۆشان بۆ ئازادی دەست پێ دەکات. لەو چوارچێوەیەدا داوا لە هەموو چین و توێژەێکانی کۆمەڵگا بەتایبەت ژنان، گەنجان، کرێکاران، خوێندکاران، ڕووناکبیران و تەواوی پێکهاتەکانی کۆمەڵگا دەکەین کە چالاکانە لەم قۆناخی تێکۆشانەدا بەشدار بن و هەموو هێز و توانایان بۆ پەرە پێدانی فکر و ڕامانی ئۆجالان لەم قۆناخە نوێیەی خەباتی ئازادیخوازانەی گەلانی ئێران و ڕۆ‌ژهەڵاتی کوردستان بخەنەگەڕ. هەر بۆیەش وەک ناوەندی سەرهەڵدانی گەلان لە ئێراندا، لەم قۆناغەدا هەموو هێزی خۆمان لە چوارچێوەی پەرەپێدانی فکر و ڕامانی عەبدوڵا ئۆجالان بە کار دێنین و پشتگیری لە نارەزایەتی گەلان، کرێکاران، خوێندکار و مامۆستایان لە ئێران و کوردستان دەکەین، هاوکاتیش هەموو هێزی خۆمان بۆ بەدەست هێنانی مافەڕەواکانی گەلی ئازەری، بەلوچ، عەرەب، فارس و کورد دەخەینەگەڕ. لەو چوارچێوەیەشدا ئەرک و بەرپرسیارتی ئێمە بەم شێوازەیە:

  1. 1- پەرپێدان و پێشخستنی فکرو ڕامانی ئۆجالان لەم قۆناغی تێکۆشانەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا بۆ سەقامگیری ئاشتی لەهەرکات زیاتر پێویست و گرنگە. هەر کەس پێوییستە ئەمە وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و ویژدانی خۆی بزانێت و بۆ تێپەڕاندنی ئەو بەربەستانەی کە لە کۆمەڵگادا هەیە هەوڵ بۆ پەرەپێدانی فکر و ڕامانی عەبدوڵا ئۆجالان  بدات.

  2. 2- لەم کاتەدا کە لە ئێراندا کرێکاران، ژنان، گەنجان، خوێندکاران و مامۆستایان و هەموو چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانیان لە ناڕەزایەتی و مانگرتنی فراواندا بەسەر دەبەن؛ پێویستە هەمووان بۆ پشتیوانی کردنی ئەم ناڕەزایەتیانە سەرهەڵدەن و بە شێوازێکی چالاک ئەو چالاکیانە بە ڕێکخستن بکەن.

  3. 3- لەم قۆناخەدا هەموو چالاکیەکانی کۆمەڵگا لە هەموو چین و توێژەکاندا بەتایبەت ژنان وگەنجان، خوێندکاران، بنەماڵەی گیراوانی سیاسی و شەهیدانی ڕێگەی ئازادی، وڵات پارێزان، ئەندامانی کۆمەڵگای مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا پێویستە بەو پەڕی هەستیاریەوە بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەستن و بەتەواوی هێزی خۆیانەوە لە چوارچێوەی دروشمی "ئیدی بەسە"-دا تا گەیشتن بە ئامانجەکان بەردەوام بن لە تێکۆشان.

  4. ٤- پێویستە هەموو گەنجان و دڵسۆزانی ڕێگای ئازادی دەست بە شیکردنەوە، بڵاوکردنەوە و پەرەپێدانی ئەم ئەرکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بکەن و بە شێوازی جۆراوجۆر سەبارەت بە ڕەوشی نالەباری سەرۆک ئاپۆ لە گرتوخانەی ئیمڕاڵی زانیاری بڵاو بکەنەوەو ڕای گشتی ئێران لە دۆخی ئۆجالان ئاگادار بکەنەوەو هەوڵ بۆ ئازادی سەرۆک ئاپۆ بدەن.

  5. ئەمە قۆناغێکی خەبات، بەرخۆدان و تیکۆشانێکە کە تا گەیشتن بە ئەنجامێکی دیاری کراو بەردەوام دەبێت. هەر تاکێکی وڵاتپارێزی کورد و هەر ئازادیخوازێکی ئێرانی کە ئازادی وەک بەنرخترین بەها دەبینێت و بە دوای ژیانێکی مرۆڤانەو و ئازاد دەگەڕێت و ئازاد دەفکرێت، پێویستە بە شێوازیکی هەمەلایەنە لەم قۆناخە هەستیارەدا بەشداری بکات. هەر بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت هەر مرۆڤێکی مافخواز لەهەر شوێنێک کە ژیان دەکات، لە چوارچێوەی تێکۆشانی ئێمەداو دروشمی "ئیدی بەسە" دا جێ دەگرێت، بەشداری ئەم قۆناغە بکات.

  6. گەلی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش پێویستە بە پاڵپشتی هێزی جەوهەری خۆی و بە دامەزراندنی ناوەندو ڕێکخستن کردنی کۆمەڵگا و بە هەموو هێز و توانای خۆیانەوە بەشداری ئەم چالاکیە، جەماوەری، نیشتمانی و شکۆمەندانەی ئەم قۆناغە ببن.

  7. لەم ڕێگایەدا و بە سود وەرگرتن لە هێزی ئازادی، ڕاستی و دادپەروەری، جارێکی تر بەشێکی نوێمان لە ئەرکە ئینسانیەکانمان گرتۆتە ئەستۆ. بە باوەڕمان بە هەبوونی برایەتی، یەکسانی، ئاشتی و مرۆڤایەتی هیوای سەرکەوتن بۆ هه موو گەلان دەخوازین و دەستی یەکیەتی و یارمەتی هەموو دۆستان دەگووشین.

 

کۆمیتەی سەرهەڵدانی گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان

٢٠/١٢/٢٠١٨