لە کاتێداکە گەلی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ و سات بە سات لە ساحەی رۆژهەڵاتی ناوین و مەیدانەکانی جیهان بە لێهاتوویی و بەرخۆدانی رۆڵەکانی خۆی دەستکەوتی مەزن قازانج دەکات و کیان و سەرزەمینی کورد لەدەست چەتەکانی داعش و هاوبیرانیان خاوێن دەکاتەوە، مەخابن لە هەمان کاتدا تووشی هێرش و دەسترێژی هێزە تاریک و بەرکرێگیراوەکان دەبێت.
زیاتر لە 4 ساڵە کە گەلی کورد و جەوانانی لە ڕۆژئاوای کوردستان لە دژی داگیرکەران و چەتەکانی داعش لە بەرخۆدانێکی بێ وێنەدا سیستەمی نەتەوەی دیمۆکراتیکیان بۆ هەموو گەلان و ئایینزاکان لە ڕۆژئاوا و سوریەدا دامەزراندووە و ئەو سیستەمە بووەتە نموونە، بۆ ژیانی هاوبەشی گەلان و سەرنجی هەموو گەلانی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و لە هەر سێ بەشەکەی تری کوردستان، هیواکانی ئازادی و سەربەستی زیندوو کردووەتەوە.