کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)، دووەهەمین ساڵڕۆژی سەرکەوتنی مێژوویی کۆبانێ لە گەلی کورد، گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەروەها هەموو ئازادیخوازانی سەرانسەری جیهان پیرۆز دەکات و یادی گیان بەختکردووانی ئەم بەرخۆدانە بەرز ڕادەگرێت.

دوو ساڵ لەمەوبەر لەوەها ڕۆژێکدا، دڵی هەموو ئازادیخوازانی جیهان لە کۆبانی لێی دەدا. لەو شوێنەی کە "یەکینەکانی پاراستنی گەل" و "یەکینەکانی پاراستنی ژن"، توانیان دوای بەرخۆدانێکی شکێنەرو دیرۆکی، تیرۆریستانی دەستدرێژکار (داعش) تێکبشکێنن و بەم شێوەیەش کۆبانی ئازاد بکەن.

داستانی کۆبانێ، هێزی خۆی لە فەلسەفەیەکی شۆڕشگێڕی دەگرت کە زیاد لە چوار دەیەیە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەرایەتی دەکات و پێشی دەخات. فەلسەفەیەک کە باوەڕی تەواوی بە ئازادی، دیموکراسی ڕادیکاڵ، یەکسانی ژن و پیاو و بەرخۆدان و لەسەرپێ ڕاوەستانی لەبەرامبەر هێزەکانی دژە ئازادی هەیە. سەرکەوتنی بەرخۆدانی کۆبانێ، سەرەڕای ئەوەی کە بەرهەمی قوربانیە مەزنەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل و ژن بوو، ئیلهام وەرگری فیکرو فەلسەفەو پارادایمی ڕێبەر ئۆجالان بوو.

سەرکەوتنی کۆبانێ، سەرکەوتنی یەک شار یان بەتەنها سەرکەوتنی کوردان نەبوو؛ بەڵکو سەرکەوتنی هەموو مرۆڤە ئازادیخوازەکان بوو کەلەگەڵ کۆبانی مانەوەو لەگەڵ ئامانجە مرۆییەکانی کۆبانیدا بوونە یەک. لەهەمانکاتدا، شکستی داعش، تەنها شکستی هێزێکی توندڕەوی دژە ئازادی نەبوو، بەڵکو تێکشکانی هەموو ئەوانە بوو کە بە ڕێگای جۆراوجۆر هاوکاری داعشیان دەکرد؛ تێکشکانی هەموو ئەوانە بوو کە خەونی کەوتنی کۆبانێیان دەبینی و لەکۆتاییدا تێکشکانی هەموو ئەوانە بوو کە باوەڕیان بە هێز، تواناو لێهاتوویی کوردان بۆ پێشخستنی بەرخۆدان و دیموکراتیزاسیۆنی ڕۆژهەڵاتی ناوین نەبوو.

لەم نێوەندەدا گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بە ئەنجامدانی ڕێپێوانی گەورەو جەماوەری بە شایستەترین و بەشکۆترین شێواز پشتیوانیان لە بەرخۆدانی کۆبانێ کردو لە هاوپشتی کردنی داستانی کۆبانێ و هەروەها ئەو فەلسەفەو پارادایمەی کە کۆبانی لەسەر بنەمای ئەو بەرخۆدانی پێشخست، دەنگی بڵندی خۆیان هەڵبڕی.


کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)، دووەهەمین ساڵڕۆژی سەرکەوتنی مێژوویی کۆبانێ لە گەلی کورد، گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەروەها هەموو ئازادیخوازانی سەرانسەری جیهان پیرۆز دەکات و یادی گیان بەختکردووانی ئەم بەرخۆدانە بەرز ڕادەگرێت. ئێمە وەک کۆدار پەیمان دەدەین کە ئامانجەکانی کۆبانێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پێش بخەین و بیکەینە کردار. ئەو ئامانج و داخوازیانەی کە کۆبانێی لەسەر بونیاد نراو سەرکەوت. ئامانج گەلێک کە دامەزرێنەرەکەی ڕێبەر ئۆجەلانە.

ئێمە لەکاتێکدا دووەمین ساڵڕۆژی سەرکەوتنی کۆبانێ پیرۆزدەکەین کە ڕێبەری مەعنەوی و فیکری ئەم بەرخۆدانە، ڕێبەر ئۆجالان، ماوەیەکی درێژە لە زیندانی ئیمرالی لەژێر دژوارترین گوشاردایەو ڕەوشی تەندروستی نادیارە. بێگومان هەڵسوکەوتی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر ڕێبەر ئۆجالان، جیاوازی لەگەڵ هەڵسوکەوتی داعش بەرامبەر کۆبانی نیە. گۆشەگیر کردن و قەتیس کردنی ڕێبەر ئۆجالان، دێتە واتای هەوڵدان بۆ لاوازکردنی پارادایمی دیموکراتیک و کۆشش کردن بۆ فراوان خوازی، ستەمکاری و دژە یەکسانی لە ناوچەکەدا؛ هەر لەبەر ئەمەشە کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و هەروەها هەموو ویژدانە زیندووەکانی جیهان، لەو ڕۆژانەدا کۆبانێیان تەنیا نەهێشتەوە، ئێستاش پێویستە سەبارەت بە چارەنوس و تەندروستی ڕێبەر ئۆجالان، بەهەمان ڕۆح و هەستی بەرپرسیارێتی، هەڵوێست وەربگیرێت. پاراستنی بەرخۆدانی کۆبانێ بەبێ هەستی بەرپرسیارێتی بەرامبەر سەلامەتی و چارەنوسی بونیادنەری بەرخۆدانی کۆبانێ، یانی ڕێبەر ئۆجالان، بە ناتەواوی دەمێنێتەوە.

کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)

26-1-2017